مارک رۆبیۆ: ئامادەین هاوکاری ئێران بکەین لە دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکەکەی

KNN : Kurdish News Network
11:14 - 25/06/2026
جیهان
+
-

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ واشنتۆن بە هاوکاریی هاوبەشەکانی هەوڵدەدات دیالۆگێکی بنیادنەرانە لەگەڵ ئێراندا دەستپێبکات بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، جەختیشیکردەوە کە لە هەر دانوستان و بڕیارێکدا، بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا دەپارێزرێت و مسۆگەر دەکرێت.

 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێ دەنێنە قۆناغێکی نوێوە کە هیوادارن بەرەو ئاشتییان ببات. ڕوونیشیکردەوە، ئەگەر ئێران بیەوێت هەناردەکردنی ئایدۆلۆژیاکەی ڕابگرێت و تیشک بخاتە سەر خۆشگوزەرانیی گەلەکەی، ئەوا ئەمریکا ئامادەیە هاوکاریی بکات. هاوکات باسی لەوەشکرد کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کراوەیە بۆ ئاشتییەک کە نەبێتە هۆی لاوازکردنی ئاسایش، بەڵکو ئاسایش و خۆشگوزەرانیی ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی کەنداو دەستەبەر بکات.

 

سەبارەت بە پرسی گەرووی هورمز، ڕوبیۆ هۆشداریدا کە ئەو گەرووە ڕێڕەوێکی ئاوییە و موڵکی هیچ دەوڵەتێک نییە، بۆیە هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە باجی تێپەڕبوون بەسەر کەشتییەکاندا بسەپێنێت. لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە کە هاوپەیمانێتییەکەیان لە پێشهاتەکانی ئەم دواییەدا تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ئامانجی هاوبەشیانیش لە کۆبوونەوەکانیاندا سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەیە.

85 جار خوێندراوەتەوە