میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، درەنگانی شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر بازگەیەکی هێزە ئەمنییەکان لە شاری بانە، دوو کارمەندی ئەمنی کوژران و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون، هاوکات سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن پێکدادانەکە لەنێوان گەریلاکانی پژاک و هێزەکانی ئێراندا بووە.
وردەکاریی ڕووداوەکە ئاماژە بەوە دەکات، دەوروبەری کاتژمێر 11:00ـی شەوی هەینی، شەڕ و پێکدادان لەنێوان چەند کەسێکی چەکدار و هێزەکانی پۆلیس لە بازگەی دەرچوونی شاری بانە بەرەو سەقز ڕوویداوە. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بە ناوەکانی (محەممەد حەسەن بەیگی) کە پلەدارە و (مارتین ئەحەدی) کە سەربازە کوژراون، هەروەها دوو سەربازی دیکە لەگەڵ منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە بریندار بوون و بەمەبەستی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
بەپێی زانیاریی چەند سەرچاوەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەڕەکە لەنێوان گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و هێزەکانی ئێران ڕوویداوە، بەڵام تا ئێستا ئەو حزبە بە فەرمی هیچ ڕاگەیەندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
ئەم پێکدادانە دوای ئەوە دێت، کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، باڵی سەربازیی پژاک ڕایگەیاندبوو لە دەوروبەری بانە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان، لە بەرامبەریشدا هۆشدارییەکی توندی بە هێزەکانی ئێران دابوو لەبارەی بەردەوامبوونی ئەو جۆرە هێرشانە.
37 جار خوێندراوەتەوە