قاڵیباف: لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد بووە ڕاگەیاندنی شکست بۆ ئەمریکا

KNN : Kurdish News Network
12:22 - 24/06/2026
جیهان
+
-

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئەو جەنگە ٤٠ ڕۆژییەی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەسەر وڵاتەکەیدا سەپێنرا، تاوانێکی گەورە بوو کە تێیدا ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی و زیاتر لە سێ هەزار هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە بەرگریی گەلی ئێران وایکرد "یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد" ببێتە ڕاگەیاندنی شکست بۆ ئەمریکا.

 

لە میانی بەشداریکردنی لە بیستەمین کۆنفرانسی یەکێتیی پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی (PUIC) لە شاری باکۆ، محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕوونیکردەوە، لەو تاوانە ئاشکرایەدا جیا لە ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی، ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی سەربازی و سیاسی، و زیاتر لە سێ هەزار هاووڵاتی کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون گیانیان لەدەستداوە، هەروەها زیاتر لە 30 هەزار کەسیش برینداربوون. ئاماژەی بەوەشکرد، ژێرخانی پیشەسازی، تەندروستی، پەروەردەیی، وزە، گواستنەوە و هەزاران یەکەی خزمەتگوزاری و نیشتەجێبوون کراونەتە ئامانجی هێرشەکان.

 

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، بەرپرسەکەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای زیانە قورسەکانی، پێشخستنی لۆژیک بەسەر هێز و بەرگریی بەسەر خۆبەدەستەوەداندا هەڵدەبژێرێت.

 

ڕاشیگەیاند، لێکتێگەیشتنەکەی ئیسلام ئاباد دەرئەنجامی فشار نەبووە، بەڵکو بەرهەمی بەرگریی و هێزی گەلی ئێران بووە و سەلماندی گفتوگۆ تەنها کاتێک ئاکامی دەبێت کە لایەنی بەرامبەر واز لە سەپاندنی ویستی خۆی بهێنێت. هەروەها باسی لەوە کرد، کە بەرگریی هێزە چەکدارەکان و خەڵک لە شەقامەکاندا، دوژمنی نائومێد کرد و ناچاری کردن لە گۆڕەپانی جەنگ و دانوستاندا خۆیان بەدەستەوە بدەن.

65 جار خوێندراوەتەوە