ترەمپ: ئەگەر ئێران لە گەرووی هورمز پارە وەربگرێت دانوستانەکان رادەگرین

KNN : Kurdish News Network
02:55 - 24/06/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ  سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران ئەمریکای ئاگادار کردووەتەوە کە هیچ جۆرە باج و ڕسوماتێک لەو کەشتییانە وەرناگرێت کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن، هاوکات هۆشداریش دەدات ئەگەر ئەو زانیارییە ڕاست نەبێت، ئەوا دانوستانەکانی نێوانیان دەستبەجێ کۆتایی پێدێت.

 

ترەمپ لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی چەندین "هەواڵی ساختە و چەواشەکارانە" پێچەوانەی ئەم پرسە، بەڵام ئێران جەختی کردووەتەوە کە هیچ تێچوویەکی بیمە یان باج لە کەشتییەکان وەرناگیرێت. هەروەها ڕەتیکردەوە لەلایەن واشنتۆنەوە هیچ بڕە پارەیەک درابێت بە ئێران یان پارە سڕکراوەکانیان بۆ ئازاد کرابێت.

 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ترەمپ ڕوونیکردووەتەوە کە بەشێک لە پارەکانی ئێران کە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکادایە، تەرخان دەکرێت بۆ جوتیاران و ئاژەڵدارانی ئەمریکی بەمەبەستی کڕینی گەنمەشامی، گەنم، پاقلەی سۆیا و پێداویستییەکانی دیکە. جەختیشی لەوە کردووەتەوە، کە ئێران پێویستییەکی زۆری بە خۆراک هەیە و ئەمریکا ئەو خۆراکەیان بەتایبەتی تەنها لە ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بۆ دابین دەکات.

165 جار خوێندراوەتەوە