ترەمپ: پارە ئازادکراوەکانی ئێران تەنها بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا خەرج دەکرێن

KNN : Kurdish News Network
02:39 - 23/06/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران بەتەواوی ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر ئەنجامدانی پشکنینی ئەتۆمی لە بەرزترین ئاستدا بۆ ماوەیەکی بێسنوور، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا بڕیاریدا گەمارۆی دەریایی هەڵبگرێت و گەرووی هورمز بە کراوەیی بهێڵێتەوە. هاوکات ئاشکرایکرد کە دوێنێ 19 ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووەکەدا تێپەڕیوە کە ژمارەیەکی پێوانەییە و وایکردووە نرخی نەوت دابەزێت.

 

ترەمپ لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کرد، سەرباری ئەوەی کەشتییە جەنگییەکانیان لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە بۆ هەر حاڵەتێکی پێویست، بەڵام گەڕانەوە بۆ سەپاندنەوەی گەمارۆ دەریاییەکان ئەگەرێکی زۆر لاوازە. جەختیشی لەوە کردەوە کە ڕازیبوونی ئێران بە پشکنینەکان بۆ دڵنیابوونە لە "دەستپاکی ئەتۆمی" و بەبێ ئەو هەنگاوە هیچ دانوستانێکی دیکە ئەنجام نەدەدرا.

 

سەبارەت بە سامانە بلۆککراوەکانی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا ڕوونیکردەوە کە ئەو پارەیەی وەزارەتی گەنجینە ئازادی دەکات، دەخرێتە هەژمارێکی تایبەتەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت. پارەکەش بەشێوەیەکی تایبەت تەنها بۆ کڕینی پێداویستیی پزیشکی و خۆراک، بەتایبەتی گەنم، گەنمەشامی و سۆیا لە جوتیارانی ئەمریکی بەکاردەهێنرێت بۆ یارمەتیدانی قەیرانە مرۆییەکەی ئێران، هاوکات دڵنیاییشی دا کە گفتوگۆکان بەباشی بەڕێوەدەچن.

102 جار خوێندراوەتەوە