وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری داوە بەشەخۆراکی مانگانەی ئەو هاووڵاتییانە ببڕێت کە مووچەکانیان لە سەرووی یەک ملیۆن دینارەوەیە، و بەڕێوەبەرایەتیی رێکخستنی پسوڵەی خۆراکی هەولێریش رایدەگەیەنێت؛ لە ماوەیەکی نزیکدا بڕیارەکە بەتەواوی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوەوە
سیامەند قادر، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوڵەی خۆراکی هەولێر، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە بڕیار دراوە هەر هاووڵاتییەک مووچەکەی لە ملیۆنێک دینار زیاتر بێت، تەواوی ئەو ماددە خۆراکییانەی لێ دەبڕدرێت کە مانگانە دابەش دەکرێن
بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوڵەی خۆراکی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، بڕینەکە تەنها سەپەرشتیاری خێزان ناگرێتەوە، بەڵکو تەواوی ئەندامانی خێزانەکە بێبەش دەبن لە بەشەخۆراک. سەبارەت بە کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەش، ئەوەی خستەڕوو کە لە ماوەیەکی نزیکدا بە تەواوی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوەوە و لە ئێستاشدا بڕیارەکە پاسەوانانی سنووری گرتووەتەوە
لای خۆیەوە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا هەمان زانیاریی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: هەر هاووڵاتییەک مووچەکەی لە یەک ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر بێت، بەشەخۆراکی مانگانەی لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە دەبڕدرێت
605 جار خوێندراوەتەوە