وەزارەتی دارایی عێراق داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات کەسوکاری شەهیدان کارتی بانکیی "هەژماری من" دەربهێنن بۆ ئەوەی مووچەکانیان ڕانەگیرێت، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدانی سلێمانیش دوایین وادە بۆ ئەو مەبەستە ئاشکرا دەکات
مەحموود سەرمۆردی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدانی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: داوا لە کەسوکاری شەهیدان دەکەین پەلە لە دەرهێنانی کارتی بانکیی هەژماری من بکەن بۆ ئەوەی مووچەکانیان ڕانەگیرێت، چونکە وەزارەتی دارایی عێراق داوایەکی لەسەر ئەم بابەتە ئاراستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان کردووە
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، دوایین وادە بۆ دەرکردنی کارتی بانکیی هەژماری من ڕۆژی 31ی 8ی 2026ـە، بە پێچەوانەوە کێشە بۆ مووچەکانیان دروست دەبێت
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدانی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا پێنج هەزار کەسوکاری شەهید مامەڵەی هەژماری منیان نەکردووە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات سەردانی ئەو بانکە بکەن کە مووچەی لێ وەردەگرن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان
هەروەها باسی لەوەش کرد کە نۆ هەزار خێزانی دیکە کارتی بانکییان دەرهێناوە، بەڵام تا ئێستا وەریاننەگرتووەتەوە، کە پێویستە بە زوویی وەریبگرنەوە بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک بۆ مووچەکانیان دروست نەبێت.
48 جار خوێندراوەتەوە