ئەنجومەنی وەزیران کەمترین مووچەی خانەنشینیی کرێکارانی کەرتی تایبەتی بە 500 هەزار دینار جێگیر کرد

KNN : Kurdish News Network
08:29 - 24/06/2026
کوردستان
+
-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کەمترین مووچەی خانەنشینیی کرێکارانی کەرتی تایبەت بە 500 هەزار دینار دیاری بکرێت، هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ ڕێککەوتنی گومرگیی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەمەبەستی جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا دەربڕی

 

ئەمڕۆ چوارشەممە (24ی 6ی 2026)، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، پوختەی کۆنووسی هاوبەشی نێوان دەستەی گومرگی فیدراڵ و گومرگی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" خرایەڕوو، کە لە (18ی حوزەیرانی 2026) لە بەغدا واژۆ کراوە

 

ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشە ڕاگەیاند بەمەبەستی یەکخستنی ڕێکارە گومرگییەکان، بەئەلیکترۆنیکردنیان، و زیادکردنی شەفافیەت و داهاتی گشتی. هەروەها وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ بەغدا بۆ پەسەندکردنی کۆتایی ڕێککەوتنەکە، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای هەرێم بۆ ئەو مەبەستە بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لە بەغدا بکات

 

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پرسی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران کرا. وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاپۆرتێکی لەسەر چاکسازییەکانی ئەو بوارە و دیجیتاڵکردنی ڕێکارەکان خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی پڕۆژە دەستەبەرکراوەکان گەیشتووەتە نزیکەی 64 هەزار پڕۆژە و ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراویش بۆ نزیکەی 320 هەزار کرێکار بەرزبووەتەوە

 

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پاش هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانی وەزارەتی کار بۆ یەکسانکردنی مافەکانی خانەنشینی لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پێشنیارێکی وەزارەتەکەی پەسەند کرد، کە تایبەتە بە دیاریکردنی کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی 500 هەزار دینار.

120 جار خوێندراوەتەوە