ئەنجومەنی وەزیران زیادکردنی مووچەی خانەنشینیی کرێکارانی کەرتی تایبەت تاوتوێ دەکات

KNN : Kurdish News Network
08:52 - 24/06/2026
کوردستان
+
-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و بڕیار لەسەر پێشنیاری دیاریکردنی کەمترین مووچەی خانەنشینیی کرێکارانی کەرتی تایبەت دەدات کە بە بڕی 500 هەزار دینار پێشنیار کراوە، هاوکات پرسی جێبەجێکردنی سیستمی گومرگیی ئەسیکودا تاوتوێ دەکات.

 

بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەی ژمارە 171ی ئەنجومەنی وەزیران، کە ئەمڕۆ چوارشەممە (24ی حوزەیرانی 2026) بەڕێوەدەچێت، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە خستنەڕووی پوختەی کۆنووسی هاوبەشی نێوان دەستەی گومرگی فیدراڵی و گومرگیی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکودا، کە لە 18ی ئەم مانگەدا لە بەغدا واژوو کراوە. هەروەها وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەرێم ڕادەسپێردرێن بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵی بەمەبەستی ئامادەسازی بۆ پەسەندکردنی کۆتایی بڕیارەکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری.

 

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، چاکسازییەکانی بواری خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران دەخرێتە ڕوو. لەو چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەسەر پێشنیارێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەدات تایبەت بە دیاریکردنی کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینیی کرێکارانی کەرتی تایبەت بە بڕی 500 هەزار دینار، کە لە خەزنەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران دابین دەکرێت.

162 جار خوێندراوەتەوە