سەرۆک وەزیران دەوڵەتی قووڵ هەڵدەوەشێنێتەوە؛ گۆڕانکارییەکان سێ هەزار پۆستی باڵا دەگرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
10:12 - 21/06/2026
عێراق
+
-

لە دوای سەردانەکەی نوێنەری ئەمریکا (تۆم باراک) بۆ بەغدا، سەرۆک وەزیران (عەلی زەیدی) دەستی بە هەڵمەتێکی فراوان کردووە بۆ گۆڕانکاری لە پۆستە هەستیارەکانی دەوڵەتدا. چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکارییەکان نزیکەی سێ هەزار پۆستی باڵا بگرێتەوە کە پەیوەندییان بە گرووپە چەکدارەکانەوە هەیە، بەتایبەتی لە کەرتەکانی ئەمنی و ئابووریدا. ئەمەش وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ کۆتایهێنان بە هەژموونی "دەوڵەتی قووڵ" و جێبەجێکردنی سیاسەتی قۆرخکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە دێت، وەک ئامادەکارییەک پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتۆن لە ناوەڕاستی مانگی تەممووز.


بەغدا لە دوای باراک.. کاتژمێری سفری گۆڕینی "دەوڵەتی قووڵ"
گەردەلوولی گۆڕانکارییەکان و بێدەنگیی "چوارچێوەی هەماهەنگی" پێدەچێت "چوارچێوەی هەماهەنگی" بە ناچاری ملی بەو شەپۆلە کتوپڕەی گۆڕانکارییەکان دابێت کە دامەزراوە هەستیارەکانی دەوڵەتی گرتووەتەوە. تا ئێستا گۆڕانکارییەکان شۆڕبوونەتەوە بۆ لادان و گۆڕینی نزیکەی 80 بەرپرسی باڵا و فەرمانبەری خاوەن هەژمون، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە ئەمە تەنها سەرەتایە بۆ پرۆسەیەکی یەکجار گەورەتر.


میدیاکانی عێراق بڵاویانکردوەتەوە، تائێستا هاوپەیمانیی شیعەکان بێدەنگی هەڵبژاردووە دوای ئەوەی دەسەڵاتێکی فراوانی بەخشییە سەرۆک وەزیران، عەلی زەیدی، بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی نوێی پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.


ئەوەی جێگەی سەرنجە کە ئەم بڕیارانە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای کۆتایی هاتنی سەردانەکەی توم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ بەغدا دەرچوون، ئەمەش وایکردووە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی خۆیان لە کرانەوەی بەرەیەکی ململانێی نوێ بپارێزن.


بومەلەرزە ئەمنییەکان و کەوتنی ناوە قورسەکان گۆڕانکارییەکان لە کەرتی ئەمنیدا چاوەڕواننەکراو و توند بوون، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسایەتییانەی جێگەی متمانەی چوارچێوەی هەماهەنگی بوون:

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی: ئەبو عەلی بەسری بە شێوەیەکی کتوپڕ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و باسم بەدری (کە پێشتر ناوی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەهاتە ئاراوە) لە شوێنی دانرا.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی: قاسم ئەعرەجی، سەرکردەی دیاری ڕێکخراوی بەدر لەکارخرا و قاسم عەبوودی شوێنی گرتەوە. ئەم هەنگاوە لەلایەن چاودێرانەوە وەک پەیامێک دەخوێنرێتەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە ڤیتۆی ئەمریکی لەسەر ئەو کەسایەتی و فاکتەرانەی کە واشنتۆن بە بەشێک لە ئاڵۆزییە ئەمنییەکانیان دەزانێت.

ستراتیژیەتی قۆرخکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە حکومەتی نوێ پێ دەنێتە قۆناغێکی چارەنووسسازەوە بۆ سنوردارکردنی چەک، و زەیدی بەڵێنی داوە پرۆسەکە بێ هیچ جیاکاری و هەڵاوێردێک جێبەجێ بکرێت:


دەستەی حەشدی شەعبی: دەنگۆکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕۆژەکانی فالح فەیاز لە پۆستەکەی کۆتاییان هاتووە و دۆسیەی خانەنشینبوونی جارێکی دیکە جووڵێنراوەتەوە. بەپێی دزەپێکراوەکان، عەبدولوەهاب ساعدی دیارترین کاندیدە بۆ شوێنگرتنەوەی، کە ئامانج لێی دووبارە داڕشتنەوە و پێداچوونەوەیە بە پێکهاتەی حەشدی شەعبیدا.

دەزگای دژە تیرۆر: ڕێکارەکان بەردەوامن و چاوەڕوان دەکرێت کەریم تەمیمی، سەرۆکی دەزگاکە بگۆڕدرێت.


پاکسازییە ئابوورییەکان و جەنگی دەروازە سنوورییەکان هەڵمەتەکە تەنها لە کەرتی ئەمنیدا نەماوەتەوە، بەڵکو دامەزراوە ئابوورییە هەستیارەکانیشی گرتووەتەوە کە بە مۆڵگەی سەرەکی ڕاییکردنی بەرژەوەندییە حزبییەکان دادەنرێن:


بانکی ناوەندی: عەلی عەلاق لەکارخرا و نزار ناسر وەک جێگرەوەی دیاریکرا. زۆرێک لە شرۆڤەکاران ئەمە وەک پێشەکییەک دەبینن بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتی نرخی دراو و گواستنەوەی عێراق بەرەو مۆدێلێکی ئابووریی کراوەتر.


دەروازە سنوورییەکان و گومرک: سامي سوودانی لە ڕاوێژکاری دەروازەکان دوورخرایەوە و حەسەن عگێلی جێگەی گرتەوە. سەرۆک وەزیران فەرمانی گواستنەوەی خێرای (لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا) بۆ سەرجەم فەرمانبەران و ئەفسەرانی دەروازەکان دەرکردووە بۆ لێدان لە تۆڕەکانی نفووز و گەندەڵی.


دەستەی وەبەرهێنان: عادل یاسری وەک سەرۆکی نوێی دەستەکە دیاریکرا لە جێگەی حەیدەر مەککيه.


سەرۆک وەزیران زەیدی لە پێشبڕکێدایە لەگەڵ کاتدا بۆ ئەوەی پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ واشنتۆن لە ناوەڕاستی مانگی تەممووز، زۆرترین مەلەفی هەستیار یەکلایی بکاتەوە.


سەرچاوە ناوخۆییەکانی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی ترسیان لەوە هەیە کە پڕۆسەکە تەنها لە وەزارەتەکاندا نەوەستێت. مەترسی لەسەر نزیکەی 3000 پۆستی باڵا لە دیپلۆماسی، سەربازی و دارایی هەیە کە ڕەنگە بەهۆی پەیوەندییە ڕێکخراوەییەکانیانەوە ببڕێنرێن.


لە کاتێکدا 9 وەزارەت هێشتا بێ وەزیرن بەهۆی ململانێ حزبییەکانەوە، زەیدی فۆکەسی خستووەتە سەر دابەشکردنەوەی هەژموون لە ڕێگەی دەستە سەربەخۆکان و پۆستە تایبەتەکانەوە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو چینی ئیدارەیەی کە لە سەردەمی حکومەتەکانی پێشوودا کەڵەکە بوون و بوونەتە تەگەرە لەبەردەم باڵادەستیی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.

157 جار خوێندراوەتەوە