حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، ڕێککەوتن لەسەر سیستمی "ئەسیکۆدا" ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خێراتر دەکات، جەختیشیکردەوە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق سوورە لەسەر ناردنی مووچەی سەرجەم مانگەکان و پرسی نەوتی هەرێمیشی بە مووچەی مووچەخۆرانەوە گرێداوە.
لە لێدوانێکدا سەبارەت بە دۆخی ئابووریی وڵات، وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەو قەیرانە داراییەی ئێستا هەیە کاتییە و دوای کردنەوەی گەرووی هورمز چارەسەر دەکرێت، هاوکات بەتەواوی ڕەتیکردەوە عێراق پەنا بۆ قەرزی دەرەکی ببات. سەبارەت بە ئامادەکارییەکانیش بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ ئاشکرایکرد، کە لە مانگی تەمووزدا ئامادە دەبێت و تێیدا پرسی وزە و کارەبا دەبنە بابەتە سەرەکییەکانی ناو یاساکە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، حەیدەر عەبودی تیشکی خستە سەر پرۆسەی سیاسی و تەواوکردنی پێکهاتەی حکومەت و ڕایگەیاند، پێش سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتن، کابینەی وەزاری بەتەواوی پێکدەهێنرێت و تەواو دەکرێت.
198 جار خوێندراوەتەوە