ئێران: بەشێک لە پارە بلۆککراوەکانمان ئازادکران و دەستمان کردووەتەوە بە فرۆشتنی نەوت

KNN : Kurdish News Network
11:12 - 23/06/2026
جیهان
+
-

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە تەواوی ئازادە لە چۆنیەتیی بەکارهێنانی سەروەت و سامانە بلۆککراوەکانی و داهاتی فرۆشتنی نەوتەکەی، هاوکات ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتکردەوە کە گوایە تاران ناچارە بەو پارەیە بەرهەمی کشتوکاڵیی ئەمریکی بکڕێت.

 

بەقایی لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی هەواڵی (ئیرنا) سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە بوونی کۆتوبەند دەکەن لەسەر چۆنیەتیی خەرجکردنی سامانە ئازادکراوەکانی ئێران، ڕایگەیاند: "ئەو بانگەشانەی میدیاکانم بینیوە؛ بۆ ئێمە جێگەی سەرنجە کە فەلسەفە و ئامانجی جەنگ، کە پێشتر دەیانگوت لەناوبردنی شارستانییەت و ڕووخاندنی ئێرانە، ئێستا بچووک بووەتەوە بۆ دەوڵەمەندکردنی جوتیارانی ئەمریکی."

 

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە، لەبارەی سامانە ئازادکراوەکانیانەوە، هەر چۆنێک خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەیان بکات بەو شێوەیە بڕیاری لەسەر دەدەن. ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە لەسەر بنەمای گونجاویی نرخ و کوالێتی، بڕیار لە کڕینی کاڵاکان دەدەن و هیچ کۆتوبەندێک لەو ڕووەوە بوونی نییە.

 

لە کۆتاییشدا ئاشکرای کرد کە مۆڵەتەکانی پەیوەست بە فرۆشتنی نەوت لە دوێنێوە چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

83 جار خوێندراوەتەوە