تۆم باراک و مەسرور بارزانی پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتیان تاوتوێ کرد

KNN : Kurdish News Network
02:27 - 16/06/2026
کوردستان
+
-

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە پێشوازی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا کرد و پێکەوە چەند پرسێکی گرنگی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

 

لە کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی جۆشوا هاریس، بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، و جەنەڕاڵ کێڤن لامبەرت، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا بەڕێوەچوو، مەسرور بارزانی سوپاسی هاوکاری و پشتیوانییە بەردەوامەکانی ئەمریکای کرد. لە بەرامبەردا تۆم باراک ستایشی پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە سەرۆک ترەمپ ڕێزێکی تایبەتی بۆ گەلی کورد و هەرێمی کوردستان هەیە.

 

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و فراوانکردنی ئامادەیی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کردەوە، بەتایبەتی لە کەرتی وزەدا. هەروەها پشتیوانیی خۆیان بۆ حکومەتی نوێی فیدراڵی بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی دەربڕی، بە مەبەستی خزمەتکردنی هاووڵاتییان بەبێ جیاوازی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور.

 

لە کۆتایی دیدارەکەشدا، هاوڕابوون لەسەر گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لە نزیکترین کاتدا.

592 جار خوێندراوەتەوە