جەی دی ڤانس: پێشکەوتنی گەورەمان لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکاندا لەگەڵ ئێران بەدەستهێناوە

KNN : Kurdish News Network
02:16 - 22/06/2026
جیهان
+
-

جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، پێشکەوتنی گەورەیان لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکاندا لەگەڵ ئێران بەدەستهێناوە و تاران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گەڕانەوەی پشکنەرانی نێودەوڵەتی. هاوکات ئاشکرای دەکات، میکانیزمێکیان بۆ بە کراوەیی هێشتنەوەی گەرووی هورمز و کەمکردنەوەی گرژییەکانی لوبنان داناوە.

 

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێران لە شاری بۆرگنشتۆکی سویسرا، ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆ تەکنیکییەکان لەگەڵ شاندی ئێران لەم هەفتەیەدا بەردەوام دەبن. وتیشی: "بنەمایەکی باشمان داناوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی و چارەسەرێکی هەمیشەیی، هەروەها ئێران ڕازی بووە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بانگهێشت بکاتەوە، کە ئەمەش هەنگاوێکی زۆر گرنگە."

 

لەبارەی گەرووی هورمزیشەوە، ڤانس ڕوونیکردەوە کە میکانیزمێکیان داناوە بۆ پاککردنەوەی مینەکان و دڵنیابوونەوە لە بە کراوەیی هێشتنەوەی ئەو گەرووە ستراتیژییە بەڕووی بازرگانیدا.

 

سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لوبنان، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە میکانیزمێکیان بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادان و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە لوبنان داناوە. لەم بارەیەوە وتی: "دەمانەوێت لە یەک کاتدا ئاسایشی ئیسرائیل و سەروەریی خاکی لوبنان بپارێزین. ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام بەپێی میکانیزمێک کە دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت."

 

لە کۆتایی وتەکانیدا، ڤانس داواشی کرد کە حزبوڵا هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕابگرێت و ئاماژەی بە دانانی میکانیزمێک کرد بۆ دەستپێکردنی دانوستان لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان.

79 جار خوێندراوەتەوە