لە ماوەی 19
ساڵی ڕابردوودا، گۆڕەپانی سیاسیی بەریتانیا ناسەقامگیرییەکی گەورەی بەخۆیەوە
بینیوە، بە جۆرێک هەشت سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بە هۆکاری جیاوازی وەک فشاری
ناوخۆیی، شکست لە هەڵبژاردنەکان و قەیرانە سیاسییەکان دەستیان لەکارکێشاوەتەوە یان
پۆستەکەیان جێهێشتووە، کە دواترینیان دەستلەکارکێشانەوەی کیەر ستارمەر بوو
لەمساڵدا.
بەپێی ئامار و
زانیارییەکانی خشتەی گۆڕانکارییەکانی سەرۆکایەتیی حکومەتی بەریتانیا لە نێوان
ساڵانی 2006 بۆ 2026، پارتی پارێزگاران زۆرترین گۆڕانکاریی تێدا کراوە و زۆرترین
قەیرانی ڕووبەڕوو بووەتەوە. دەیڤید کامیرۆن بەهۆی شکستی ڕیفراندۆمی چوونەدەرەوە لە
یەکێتیی ئەوروپا (برێکزیت)، تێریزا مەی بەهۆی تێنەپەڕاندنی ڕێککەوتنی برێکزیت لە
پەرلەمان، بۆریس جۆنسۆن بەهۆی زنجیرەیەک فەزیحەی سیاسی و (پارتی گەیت) و لیز
تڕەسیش دوای تەنها 45 ڕۆژ بەهۆی قەیران و داڕمانی بازاڕی داراییەوە ناچار بە
دەستلەکارکێشانەوە بوون. لە دوای ئەوانیش، ڕیشی سوناک بەهۆی شکستی مێژوویی
پارتەکەی لە هەڵبژاردنی گشتیی ساڵی 2024 پۆستەکەی جێهێشت.
لە بەرامبەردا،
پارتی کرێکارانیش بێبەش نەبووە لەو ناسەقامگیرییە. تۆنی بلێر لە ساڵی 2007 بەهۆی
فشاری ناوخۆییەوە دەستی لەکارکێشایەوە و پۆستەکەی بۆ گۆردۆن براون جێهێشت، کە
ئەویش دواتر لە هەڵبژاردنی گشتیی 2010دا دۆڕا. زنجیرەی ئەم قەیرانانە گەیشتە کیەر
ستارمەر، کە لە 22ی حوزەیرانی 2026، بەهۆی یاخیبوونی پەرلەمانتارانی پارتەکەی و
فشاری توندی ناوخۆییەوە، دەستی لەکارکێشایەوە.
295 جار خوێندراوەتەوە