بنیامین
نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ کۆماری
ئیسلامیی ئێران و هێزە نزیکەکانیان بەردەوامە و ئایندەی ئیسرائیلیش بەتەواوی
پەیوەستە بە ئاستی هێز و تواناکانیانەوە.
نەتانیاهۆ لە
میانی دیدارێکدا لەگەڵ بەشداربووانی خولێکی ئەفسەرانی یەدەگی جەنگی لە ناوچەی (گوش
عەتسیۆن) وتی: "لە ئێستادا ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامی و هێزە نزیکەکانیان
بووینەتەوە، گورزمان لێ وەشاندوون و هێشتا ئەم پرسە کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو
پەیوەستە بە هێز و تواناکانمانەوە."
ئاماژەی
بەوەشکرد، پێگەی ئیسرائیل لە دەیەکانی داهاتوودا پەیوەستە بە توانا و هێزی
وڵاتەکەیەوە، لەبەر ئەو هۆکارەش حکومەتەکەی لە هەوڵی بەهێزکردنی تواناکانیدایە.
وتیشی: "ئەوەی کە 30 ساڵی دیکە لە چ پێگەیەکدا دەبین، پەیوەستە بە
هێزەکەمانەوە، بۆیە ئەوەی ئێستا دەیکەین، بنیادنانی هێزێکی زیاترە."
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەسەر پێویستیی گەیشتن بە
سەربەخۆیی چەکداری کردەوە و ڕایگەیاند: "زۆر بەرز دەنرخێنم ئەو پشتیوانییەی
لە دۆستە ئەمریکییەکانمانەوە پێمان گەیشتووە، بەڵام دەبێت خۆمان لەو پشتبەستنە
ڕزگار بکەین و سیستەمێکی بەرگریی و چەکداریی سەربەخۆ بۆ خۆمان بنیاد بنێین."
30 جار خوێندراوەتەوە