جێگری یەکەمی
سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەیان "برای گەورە"ی وڵاتانی
ناوچەکەیە و هۆشداریش دەداتە وڵاتانی دراوسێ؛ لە ئەگەری هەر هێرشێکی ئەمریکا لە
ڕێگەی خاکی ئەوانەوە بۆ سەر ئێران، ئەوا ئەو وڵاتانە دەبنە ئامانجی ڕەوای تاران بۆ
بەرگریکردن لە خۆی.
لە میانی
بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی لێدانی زەنگی مامەڵەکانی بۆرسە بۆ وەرزی هاوین، محەممەد
ڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە برای
گەورەی وڵاتانی ناوچەکەین، هەمان ئەو وڵاتانەی هێرشیان کردە سەرمان، بەڵام ئەوان
زۆر بیرکۆڵن و خۆزگە دەمانتوانی هەڵوێستەکانیان ئاشکرا بکەین."
لە بەشێکی
دیکەی وتەکانیدا، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران ئاشکرای کرد کە لە میانی
دانوستانەکاندا بە فەرمی بە وڵاتانی دراوسێیان ڕاگەیاندووە: "ئەگەر بچووکترین
هەڵە لەلایەن ئەمریکاوە لەو پێگانەوە بکرێت کە سەر بە ئێوەن بەرامبەر بە ئێران،
ئەوا ئەو پێگانە دەبنە ئامانجی ڕەوای ئێمە بۆ بەرگریکردن لە خۆمان، ئەوەش لۆژیکی
عەقڵە."
جەختیشی لەوە
کردەوە کە ئێران هاوشێوەی جەنگی هەشت ساڵە و قەیرانەکانی ئەم دواییە، ئەم دۆخەش
تێدەپەڕێنێت و وتی: "بەدڵنیاییەوە ئەم دۆخەش تێدەپەڕێنین، چونکە توانای
شارستانیی ئێمە بەو شێوەیەیە؛ ئێمە برای گەورەین و برای گەورەش ئاگای لە برا
بچووکەکانی دەبێت."
373 جار خوێندراوەتەوە