دوای
تێپەڕبوونی 26 ڕۆژ بەسەر ڕووداوی دیارنەمان و دۆزینەوەی ئێسک و پروسکی منداڵێکدا،
ئەمڕۆ دووشەممە، بە فەرمی ئەنجامی پشکنینی (DNA) دەرچوو و پشتڕاستی کردەوە کە ئەو
ئێسقانانەی دۆزراونەتەوە هی (یاد سەرباز عەلی)یە، بنەماڵەکەشی ڕایدەگەیەنن کە
پرسەی بۆ دانانێن.
لە
ڕوونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ (22ی حوزەیرانی 2026) بڵاویانکردووەتەوە، بنەماڵە و
خزمانی گوندی کۆیلێ ئاماژە بەوە دەکەن، پاش 10 ڕۆژ لە وەرگرتنی نموونەی خوێنی دایک
و باوکی منداڵەکە و بەراوردکردنی لەگەڵ ئێسقانەکاندا، لە ڕێگەی دادگا، ئاسایش و
دەزگا فەرمییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕینەوە بە فەرمی ئەنجامەکەیان
پێگەیشتووە کە ئێسقانەکان دەگەڕێنەوە بۆ یاد سەرباز.
لە بەشێکی
دیکەی ڕوونکردنەوەکەدا، بنەماڵەی یاد جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە ئێستادا نایانەوێت
هیچ قسەیەکی زیاتر لەسەر بابەتەکە بکەن، بەڵام دووپاتی دەکەنەوە کە بەهیچ شێوەیەک
پرسە دانانێن. هاوکات سوپاسی پەرۆشی و خەمخۆریی هەموو لایەکیان کردووە بۆ
ڕووداوەکە.
137 جار خوێندراوەتەوە