داتاکانی بانکی
ناوەندیی عێراق ئاشکرایان کرد، لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی (2026)دا قەبارەی
نەختینەیی لەناو خەزێنەکانی بانکەکەدا دابەزینێکی تیژ و بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و
لە یەک تریلیۆن و (907) ملیار دینارەوە لە کۆتایی کانوونی یەکەمی (2025)دا، بۆ (566)
ملیار دینار لە کۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵدا کەمی کردووە.
بەپێی داتاکان،
قەبارەی نەختینەیی لە خەزێنەکاندا بەشێوەیەکی پلەبەندی دابەزیوە، بە جۆرێک لە
کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا بۆ یەک تریلیۆن و (524) ملیار دینار، لە کۆتایی
مانگی شوباتدا بۆ یەک تریلیۆن و (5) ملیار دینار و لە مانگی ئازاریشدا بۆ (849)
ملیار دینار دابەزیوە، تا لە کۆتایی مانگی نیساندا گەیشتووەتە (566) ملیار دینار.
ئەمەش بەو واتایە دێت کە لە ماوەی تەنیا چوار مانگدا، نەختینەیی بانکی ناوەندی بڕی
یەک تریلیۆن و (341) ملیار دیناری لەدەستداوە، کە دەکاتە دابەزین بە ڕێژەی (70.3٪)
بەراورد بە ئاستی کۆتایی ساڵی (2025).
داتاکان ئەوەش
دەردەخەن، هەرچەندە قەبارەی نەختینەیی لە ئێستادا بەراورد بە کۆتایی ساڵی (2023)
بەرزترە کە تەنیا (323) ملیار دینار بووە، بەڵام بەراورد بە کۆتایی ساڵی (2024) کە
دوو تریلیۆن و (92) ملیار دینار بووە، بە ڕێژەی (72.9٪) کەمی کردووە. لە
بەرامبەریشدا، لەو چوار مانگەدا نرخی فەرمیی فرۆشتنی دۆلار بە جێگیری لەسەر (1300)
دینار ماوەتەوە، بەڵام ڕێژەی هەڵاوسان بەشێوەیەکی پلەبەندی لە (0.9٪)ەوە بۆ (1.7٪)
بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
195 جار خوێندراوەتەوە