دۆناڵد ترەمپ سەردانی تورکیا دەکات

KNN : Kurdish News Network
09:57 - 03/06/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پلانی هەیە لە مانگی تەممووزی داهاتوودا بەمەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی سەرۆک و سەرکردەکانی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بکات.

 

بڕیارە لوتکەی ناتۆ لە ڕۆژانی 7 و 8ی تەممووزی 2026لە کۆمەڵگەی سەرۆکایەتیی تورکیا بەڕێوەبچێت، و بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای، ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای ڕاگەیاندووە کە بەشداریی لە لوتکەکەدا دەکات.

 

 لەم چوارچێوەیەدا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بلومبێرگ پشتڕاستی کردەوە کە ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆکی ئەمریکا بەردەوامن و ناوبراو چەندین جار لە پەیوەندییەکانیدا ئاماژەی بە سەردانەکەی کردووە.

 

چاوەڕوان دەکرێت سەردانەکە و لوتکەی ناتۆ هەستیارییەکی زۆریان هەبێت، بەتایبەت کە پێشتر ترەمپ ڕەخنەی توندی لە هاوپەیمانییەکە گرتبوو و باسی لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا کردبوو.

 

هاوکات بڕیارە لە پەراوێزی لوتکەکەدا، هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و تورکیا کۆبوونەوەیەکی تایبەت ئەنجام بدەن و تاوتوێی چەند دۆسیەیەکی گرنگ بکەن، لەوانە کڕینی فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف-16 و ئێف-35، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان، و دۆخی گشتیی ناوچەکە.

140 جار خوێندراوەتەوە