ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە چوارەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بە سەرۆکایەتی عەلی فالح زەیدی، چەندین بڕیاری دەرکرد کە گرنگترینیان پێداچوونەوەیە بە کاری بەڕێوەبەرە گشتییەکان و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبا، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو و ڕێککەوتن بۆ گواستنەوەی لە ڕێگەی بەندەرەکانی سووریاوە
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، عەلی زەیدی جەختی لەسەر پەیڕەوکردنی بنەمای کێبڕکێی دروست لە نێوان کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کردووەتەوە و وەزارەتەکانیشی پابەند کردووە بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی تەواو لە کاتی ئەنجامدانی گرێبەستەکاندا بۆ پاراستنی سامانی گشتی
هاوکات، بڕیاردراوە بە هەڵسەنگاندنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی و دەستپاکیی، لەگەڵ پێکهێنانی ئەنجومەنێکی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتی ئۆزبەکستان و ڕێکخستنەوەی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ گەیاندنی بە چینە هەژارەکان و کەمکردنەوەی خەرجییەکان
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا، ئەنجومەنی وەزیران پلانی وەزارەتی نەوتی پەسەندکرد بۆ زیادکردنی توانای هەناردەکردنی نەوتی خاو لە ڕێگەی بۆرییەوە لە 220 هەزارەوە بۆ 770 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بە دوو قۆناغ، و بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردە لە ڕێگەی تانکەرەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ بۆ 420 هەزار بەرمیل
لە هەمان کاتدا، ڕەزامەندی درا کە وەزارەتی نەوت گرێبەست لەگەڵ سووریا بکات بۆ گواستنەوە و کۆگاکردنی نەوتی خاوی بەسرە لە ڕێگەی بەندەرەکانی بانیاس و تەرتووس لەسەر دەریای سپی ناوەڕاست و کردنەوەی نووسینگەیەکی نوێنەرایەتی لەو وڵاتە
سەبارەت بە پرسەکانی دیکەش، بڕیاردرا بە ڕەوانەکردنی پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای ڕێکخستنی بریکارایەتی بازرگانی بۆ پەرلەمان، و پێدانی دەسەڵات بە وەزیری داد بۆ ئاڵوگۆڕکردنی سزادراوان لەگەڵ وڵاتی ئەرمینیا. هەروەها، ئەو ماوەیەی کە هاوکات بووە لەگەڵ ئاڵۆزییە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، لە 28ی 2ی 2026 تا 30 ڕۆژ دوای هەڵگرتنی قەدەغەی فڕین، وەک بیانوویەکی یاسایی بۆ مانەوەی بیانییەکان لەناو خاکی عێراقدا هەژمار کرا
140 جار خوێندراوەتەوە