فەرماندەیی
ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، سەرجەم ئەو هێرشە مووشەکی و
درۆنییانەی سوپای پاسدارانی ئێران کرابوونە سەر هێزەکانیان لە ناوچەکە شکستیان
هێناوە. هاوکات سەرجەم ئەو بانگەشانەشی ڕەتکردەوە کە باس لە پێکان و زیانگەیاندن
بە بارەگای سەرەکیی هێزی پێنجەمی دەریایی ئەمریکا لە بەحرێن و بنکەیەکی ئاسمانیی
دیکە لە کوێت دەکەن.
سێنتکۆم لە
ڕوونکردنەوەیەکدا ئاشکرایکرد، سێ مووشەکی بالیستی کە ئاڕاستەی بارەگای هێزی پێنجەم
لە بەحرێن کرابوون، دەستبەجێ لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا و
بەحرێنەوە تێکشکێنراون. هەروەها دوو مووشەکی دیکەش کە ئاڕاستەی کوێت کرابوون، پێش
گەیشتنیان بە ئامانجەکە خواربوونەتەوە یان لە ئاسماندا پارچەبوون.
فەرماندەییەکە
جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان بەدواوە نەبووە و بانگەشەکانی
ئێرانی لەو بارەیەوە بە "درۆ و زانیاریی هەڵە" وەسف کرد.
راشیگەیاندووە:
وەک پەرچەکردارێک و لە چوارچێوەی "بەرگری لەخۆکردن"، هێزەکانی ئەمریکا
هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و ڕاداری سوپای
پاسداران لە دوورگەی قشم لە گەرووی هورمز و ئامانجەکەیان پێکا.
پێشتر، میدیا
فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە کاتژمێر 4:50ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سوپای
پاسداران هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە بەحرێن و کوێت،
ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە بەرامبەر هێرشێکی پێشتری ئەمریکا بۆ سەر کەشتییەکی
نەوتهەڵگری ئێرانی و تاوەرێکی پەیوەندییەکان لە ناوخۆی ئێراندا.
ئەم پێکدادانە
سەربازییە ڕاستەوخۆیانە لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەست لە نێوان
واشنتن و تاران لە وڵاتی قەتەر گەیشتوونەتە بنبەست، بەهۆی پەرەسەندنی
گرژییەکانیشەوە، سوپای هەردوو وڵاتی کوێت و بەحرێن دۆخی ئامادەباشیی تەواویان لە
وڵاتەکانیاندا ڕاگەیاندووە.
92 جار خوێندراوەتەوە