بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48
کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە پلەکانی گەرما بەردەوام دەبن لە
بەرزبوونەوە و هاوکات لە هەندێک ناوچەی سنووریش ئەگەری بارانبارین هەیە.
بەپێی
پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت،
بەڵام لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور. هاوکات
ئەگەری بارینی تاوە بارانێکی کەم هەیە بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای دهۆک و
ئیدارەکانی زاخۆ و سۆران.
خێرایی با لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر دەبێت لە
کاتژمێرێکدا و ئاراستەکەشی باکووری ڕۆژئاوا دەبێت، بەڵام لە دوای نیوەڕۆوە لە
هەندێک ناوچە چالاک دەبێت بۆ سەرووی 30 کیلۆمەتر، هەروەها مەودای بینین لە نێوان 8
بۆ 10 کیلۆمەتردا دەبێت و پلەکانی گەرماش بەراورد بە دوێنێ یەک بۆ سێ پلە بەرز
دەبنەوە. سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت
و پلەکانی گەرماش نزیک دەبن لەو پلەیانەی کە ئەمڕۆ تۆمار دەکرێن.
لەبارەی
تۆمارەکانی پلەی گەرما بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ، پێشبینی کراوە بەرزترین پلەی گەرما لە
گەرمیان بێت کە 42 بە 43 پلەی سیلیزییە، و نزمترینیش لە حاجی ئۆمەران دەبێت کە 25
بە 26 پلەیە.
سەبارەت بە
ناوچەکانی دیکەش، پلەکانی گەرما بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ بەم شێوەیە دەبن، لە هەولێر 36
بە 37 پلە، لە سلێمانی 35 بە 36 پلە، لە دهۆک 35 بە 36 پلە، لە هەڵەبجە 37 پلە بۆ
هەردوو ڕۆژەکە، لە چەمچەماڵ 36 بە 37 پلە، لە زاخۆ 36 بە 37 پلە، هەروەها لە
پیرمام 33 بە 34 پلەی سیلیزی تۆمار دەکرێت.
231 جار خوێندراوەتەوە