لە پەیامێکدا
بەبۆنەی ساڵیادی کردنەوەی یەکەمین خولی پەرلەمان و دەستپێکی سێیەمین ساڵی کارکردنی
خولی دوازدەیەمەوە، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هۆشداری
دەداتە پەرلەمانتاران لە پیلانی دوژمنان بۆ دروستکردنی دووبەرەکی و جەخت لە
خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ئابوورییەکان دەکاتەوە.
موجتەبا
خامنەیی لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، وێڕای پیرۆزبایی
جەژنی قوربان، ئاماژەی بە تێپەڕبوونی سێ مانگ بەسەر "سێیەمین بەرگریی
پیرۆز" کردووە و ستایشی خۆڕاگریی گەلی ئێرانی کردووە. لەو چوارچێوەیەدا داوای
لە پەرلەمانتاران و محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمان کردووە، بە پاراستنی
سەربەخۆیی دەسەڵاتی یاسادانان، هەماهەنگیی تەواویان لەگەڵ حکومەت و دەسەڵاتی
دادوەری هەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانەکاندا.
لە بەشێکی
دیکەی پەیامەکەیدا، ڕێبەری ئێران ئەرکە سەرەکییەکانی قۆناغی داهاتووی دیاریکردووە
و داوای کردووە کار لەسەر چەسپاندنی دروشمی "ئابووریی خۆڕاگری لە سێبەری
یەکڕیزیی نیشتمانیدا" بۆ ئەمساڵ. هەروەها جەختی لە کەمکردنەوەی هەڵئاوسان،
ڕێکخستنەوەی بازاڕ، بووژاندنەوەی بەرهەمهێنان و تەرخانکردنی هەوڵەکان بۆ
قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی وێرانکارییەکانی هەردوو "جەنگی سەپێنراوی
دووەم و سێیەم" کردووەتەوە، تاوەکو هیوایەکی ڕاستەقینە بۆ ئاییندەی وڵات
بگەڕێتەوە.
لە کۆتاییدا،
سەید موجتەبا خامنەیی داوای لە بەرپرسان و پەرلەمانتاران کردووە ڕێنماییەکانی (عەلی
خامنەیی) بکەنە بنەما بۆ کارەکانیان و هۆشداری داوە لە پیلانی نوێی دوژمنان کە
دوای شکستی سەربازی و گەمارۆی ئابووری، ئێستا کار بۆ تێکدانی یەکڕیزی و دروستکردنی
دووبەرەکیی کۆمەڵایەتی دەکەن لەناوخۆی ئێراندا.
1475 جار خوێندراوەتەوە