دەستەی فڕۆکەوانیی شارستانیی کوەیت ڕایگەیاند، باڵەخانەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەی کوەیت بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی کراوەتە ئامانج و بەهۆیەوە چەند کەسێک برینداربوون و زیانی ماددیی گەورە بەر فڕۆکەخانەکە کەوتووە.
دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی هێرشەکەوە پلانی فریاگوزاریی بەپەلە لە فڕۆکەخانەکە کاراکراوە و سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان هەڵپەسێردراون. هاوکات، ئاراستەی ئەو گەشتانەشی بڕیاربوو لەو فڕۆکەخانەیە بنیشنەوە، بۆ فڕۆکەخانە جێگرەوەکان گۆڕدراون تا ئەو کاتەی بڕیاری نوێ لەوبارەیەوە دەدرێت.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی کوەیت، جگە لە زیانە گیانییەکان، زیانێکی زۆری ماددی بە ژمارەیەک لە بەش و دامەزراوەکانی فڕۆکەخانەکە گەیاندووە و تیمەکانی فریاگوزاری سەرقاڵی مامەڵەکردنین لەگەڵ دۆخەکەدا.
65 جار خوێندراوەتەوە