ئافرەتانی بزووتنەوەی گۆڕان: بەبێ بەشداریی کارای ئافرەت، هیچ پرۆسەیەکی سیاسی و دیموکراسی سەرکەوتوو نابێت

KNN : Kurdish News Network
02:56 - 24/11/2026
کوردستان
+
-

دامەزراوەی ئافرەتانی بزووتنەوەی گۆڕان داوا دەکات مافەکانی ئافرەتان لە دروشمی کاتییەوە بکرێنە کردار و ژیانێکی شکۆمەند، ئازادیی بڕیاردان، بەشداریی یەکسان لە ناوەندەکانی بڕیار و ژینگەیەکی دوور لە توندوتیژییان بۆ دابین بکرێت. دامەزراوەکە ئەم پەیامەی بە بۆنەی 25ی تشرینی دووەمی 2026، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بڵاو کردەوە.

 

ئافرەتانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامەکەیاندا ڕایانگەیاند ڕێزگرتن لە خەباتی ئافرەتان تەنیا بە قسە و دروشمی جێبەجێنەکراو تەواو نابێت. ئەوان دووپاتیان کردەوە مافەکانی ئافرەت چاکە یان دەستکەوتی زیادە نین، بەڵکو مافی سەرەتایین بۆ پاراستنی ئاسایش و دووربوون لە هەر جۆرە توندوتیژییەکی جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتی.

 

دامەزراوەکە ئاماژەی بەوەش کرد ئافرەتی کورد بە درێژایی مێژوو تەنیا لە چوارچێوەی خێزاندا نەماوەتەوە، بەڵکو لە سەنگەرەکانی بەرگری، چاکسازی، مافخوازی و بنیاتنانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا هێزێکی بنەڕەتیی گۆڕانکاری بووە و بەبێ بەشداریی کارای ئەو هیچ پرۆسەیەکی سیاسی و دیموکراسی سەرکەوتوو نابێت.

 

لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە کە 25ی تشرینی دووەم تەنیا یادکردنەوەیەک نییە، بەڵکو بانگەوازێکە تا هەموو کات ئافرەت وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف، ئیرادە و کەسایەتییەکی سەربەخۆ ببینرێت، نەک وەک ئامرازێک بۆ خزمەت و بەرگەگرتن.

86 جار خوێندراوەتەوە