حکومەتی هەرێمی
کوردستان لە قۆناغی داهاتوودا گرنگیی زیاتر بە کەرتی گەشتیاری دەدات تا هەلی کاری
زیاتر بۆ گەنجان بڕەخسێنێت. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،
ئەمڕۆ سێشەممە لە میانەی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی گفتوگۆی یەکەمین لووتکەی
جیهانیی لاواندا ئەم ئاراستە نوێیەی ڕاگەیاند.
مەسرور بارزانی
لە پانێڵەکەدا ئاماژەی بەوە کرد گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری ڕۆڵی دەبێت لە
دابینکردنی دەرفەتی کاری زیاتر بۆ گەنجانی هەرێم. هاوکات دووپاتی کردەوە
حکومەتەکەی بە جددی کاری کردووە بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات تا تەنیا پشت
بە کەرتی نەوت نەبەستێت و لە سەرجەم بوارەکانیشدا دەستکەوتی گەورەیان بەدیهێناوە.
سەرۆکی حکومەتی
هەرێمی کوردستان لەبارەی پەیوەندییە داراییەکان لەگەڵ بەغدا ڕایگەیاند، ئەگەر
حکومەتی فیدراڵی پشکی کوردستان لە بودجەی دارایی گشتی بە تەواوی بدات، ئەوا هەرێم
پێشکەوتن و گەشەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەمڕۆ لە
هەولێر کارەکانی لووتکەی جیهانیی لاوانی کوردستان 2026 لە ژێر دروشمی
"داڕشتنی داهاتوو" دەستی پێکرد کە دەزگای "کوردستان فاوندهیشن"
ڕێکی خستووە. زیاتر لە 800 گەنج لە 47 وڵاتەوە لەگەڵ وەزیران، بەرپرسان و
نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تێیدا بەشدارن.
بەشداربووانی
لووتکەکە تا 26ی تشرینی دووەم لە ڕێگەی پانێڵ و وۆرکشۆپەوە گفتوگۆ لەسەر داهاتووی
کار، خوێندن، تەکنەلۆژیا، ژیریی دەستکرد و کەشوهەوا دەکەن، و لە کۆتاییشدا چوار
یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان واژۆ دەکەن.
26 جار خوێندراوەتەوە