بزووتنەوەی
گۆڕان لە شاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و تێیدا جەختی لەسەر کاراکردنەوەی
دامەزراوە شەرعییەکان، پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پاراستنی یەکڕیزی لایەنە
سیاسییەکان کردەوە، هاوکات پرسی خۆڕێکخستنەوەی ناوخۆیی و ئامادەکارییەکانی
بزووتنەوەکەی بۆ پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرد
ئەمڕۆ، لە مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری
هەولێر، ڕێکخەری گشتی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سیاسی،
لەگەڵ ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی و جوانڕۆ محمەد ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە
سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران کۆبووەوە. ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە
بەدواداچوون بوو بۆ ئەو هەنگاوە ڕێکخراوەییانەی کە دوای کۆنفرانسی گۆڕان و
کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بڕیاریان لێدراوە، لەپێناو یەکخستنەوە و کاراکردنەوەی
ئۆرگانەکان لە سنووری قەزاکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران
هەروەها تەواوکردنی چوارچێوەی ڕێکخراوەیی
مەکۆکان و دانانی نوێنەری سنوورەکە لە ئەنجومەنی ڕاوێژکاری
لە کۆبوونەوەکەدا ڕێکخەری گشتی جەختی لەوە
کردەوە، سەرەڕای ئاستەنگەکان، بزووتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی نیشتیمانی کار بۆ
بەهێزکردنی یەکە ڕێکخراوەییەکانی دەکات بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی
خواستی هاونیشتیمانیان بکەن
هەروەها دووپاتیکردەوە کە بزووتنەوەکە لەگەڵ
کاراکردنەوەی پەرلەمان، پێکهێنانی حکومەت و یەکدەنگی سەرجەم پارتە سیاسییەکانە
لەژێر چەتری بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستاندا
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەیی
بزووتنەوەی گۆڕان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە
نیشاندرا، بە جۆرێک کە سەرجەم هێزە سیاسییەکان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لە
چوارچێوەی دیدگایەکی نیشتیمانیدا شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتییەکان و کۆتایی بە
چەقبەستوویی پرۆسەی سیاسی بهێنن لە هەرێمی کوردستان، کە بزووتنەوەی گۆڕانیش
پشتیوانی تەواوی ئەو هەنگاوە دەبێت
86 جار خوێندراوەتەوە