سوپای پاسداران بنکەیەکی ئەمریکا لە ئوردن و ناوەندێکی ئەمازۆن لە بەحرەین موشەکباران دەکات

KNN : Kurdish News Network
08:44 - 21/07/2026
کوردستان
+
-

سوپای پاسدارانی ئێران، لە دوو ڕاگەیەندراوی جیادا، هێرشکردنە سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ئوردن و ناوەندی داتاکانی کۆمپانیای ئەمازۆنی ئەمریکی لە بەحرەین بە موشەک ڕاگەیاند، و ئاماژەی بە تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی ئێف 15 و سیستەمێکی ڕادار کردووە.

 

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوی ژمارە (38)ی خۆیدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە درێژەی شەپۆلی (24)ی ئۆپەراسیۆنی "نەسری 2"، هێرشێکی موشەکییان کردووەتە سەر بنکەیەکی ئەمریکا لە ئوردن. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لەو هێرشەدا سیستەمێکی ڕاداری بەرگریی موشەکی و فڕۆکەیەکی جۆری ئێف 15 لەناو پەناگەکەی (شەڵتەر) تێکشکێندراون. هەروەها هۆشداری بە سوپای ئەمریکا دراوە کە ناوچەکە جێبهێڵێت بۆ ڕێگریکردن لە زیانی زیاتر، و جەختیشیکردووەتەوە کە ئەم هێرشە بۆ پاککردنەوەی ناوچەکەیە لە ڕادارەکان و خۆشکردنی ڕێگەیە بۆ هێرشی فراوانتری موشەکی و درۆنی.

 

لە لایەکی دیکەوە، لە ڕاگەیەندراوی ژمارە (39)دا، سوپای پاسداران ئاشکرای کرد کە ژێرخانی ناوەندیی داتاکانی کۆمپانیای ئەمازۆنی ئەمریکی لە بەحرەین بە چەند موشەکێکی کروز کراوەتە ئامانج و وێران کراوە. ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەم هێرشە لە وەڵامی هێرشەکانی ڕۆژی ڕابردووی ئەمریکایە بۆ سەر دامەزراوە مەدەنییەکانی "دارخوێن" کە لە قۆناغی دروستکردندان، و لە داهاتووشدا ڕاپۆرتی زیاتر لەسەر ئەم ئۆپەراسیۆنانە بڵاودەکەنەوە.

61 جار خوێندراوەتەوە