ئەنجومەنی وەزیران داتای مامۆستا و فەرمانبەرانی گرێبەست دەخاتە سیستەمی بایۆمەترییەوە

KNN : Kurdish News Network
12:11 - 23/07/2026
ئابوری
+
-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و دامەزراندنیان بە شێوەی هەمیشەیی، بڕیاریدا سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست کە مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە، لە سیستەمی بایۆمەتری و مووچە تۆمار بکات.

 

بەپێی نووسراوێکی فەرمی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کە واژۆی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی لەسەرە و ئاراستەی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کراوە، داوا کراوە داتای ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی لەسەر داهاتی ناوخۆن، لە سیستەمی بایۆمەتری و سیستەمی مووچە (Payroll) تۆمار بکرێن. لە نووسراوەکەدا کە ڕێکەوتی 10ی حوزەیرانی 2026ی لەسەرە، زانیارییەکان بە شێوەی (CD) هاوپێچ کراون بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست.

 

لەم بارەیەوە، کارۆخ عەبدوڵڵا گوڵاوی، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە ئامادەکارییەکی پێشوەختەیە بۆ ئەوەی لە کاتی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـی عێراقدا، بە مەبەستی دامەزراندنیان بە شێوەی هەمیشەیی، داوا لە حکومەتی فیدراڵی بکرێت ناوەکانیان لە بودجەی عێراقدا جێگیر بکرێت.

 

نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست ئاماژەی بەوەش کردووە، وەزارەتی دارایی هەرێم چەند مانگێکە سەرقاڵی کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکانی ئەو توێژەیە، هەروەها پەیوەندییان بە وەزیری دارایی و لیژنەی دارایی عێراقەوە کردووە بۆ ئەنجامدانی دیدار و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکانیان. جەختیشی کردەوە کە ئەم بڕیارە هەنگاوێکی سەرەکییە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی دواکەوتنی مووچەی سەرجەم ئەو مامۆستا و فەرمانبەرە گرێبەستانەی مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.

192 جار خوێندراوەتەوە