سەرچاوەیەکی
دادوەری، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاشکرایکرد کە دادگای تاوانەکانی ناوەندیی تایبەت بە
نەهێشتنی گەندەڵی لە بەغدا، سزای دوو ساڵ زیندانیکردنی توندی بەسەر حەسەنین
خەفاجی، ئەندامی پەرلەمانی عێراقدا سەپاند.
سەرچاوەکە
ڕایگەیاندووە، بڕیارەکە دوای ئەوە دراوە کە پەرلەمانتارەکە بەپێی ماددەی (452) لە
یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو، تاوانی "هەڕەشە و
پارەسەندن" (ئیبتیزاز)ی بەسەردا ساغبووەتەوە.
لە لایەکی
دیکەوە، دەستەی دەستپاکی عێراق لەبارەی کەیسەکەوە ڕایگەیاند، پەرلەمانتار حەسەنین
خەفاجی هەڕەشەی لە سکاڵاکارێک بە ناوی (مستەفا فەعل مشەتەت) کردووە و داوای بڕی (500
هەزار) دۆلاری لێکردووە، لەگەڵ تۆمارکردنی (40٪)ی پشکی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی (حەورا
بەغدا) بەناوی یەکێک لە کارمەندانی نوسینگەکەی.
بەپێی
ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی دەستپاکی، پەرلەمانتارەکە لە بەرامبەر ئەو داواکارییانەدا
بەڵێنی بە سکاڵاکارەکە داوە، بەبێ بوونی هیچ سيفەت و دەسەڵاتێکی یاسایی،
دەستوەردان بکات لە کارەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دەستەی دەستپاکی بۆ
داخستنی دۆسیەی هەڵاوسانی سامان و هەڵگرتنی بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سامانەکەی.
هەروەها بەڵێنی داوە لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانی بەغداوە کارەکانی پڕۆژەی
نیشتەجێبوونی (جەوهەرەی بەغدا) دەستپێبکاتەوە.
دەستەکە ئەوەشی
خستووەتەڕوو، دادگا لە بڕیارەکەیدا پشتی بە چەندین بەڵگە بەستووە، لەوانە
دانپێدانانی تۆمەتبارێکی دیکە بەناوی (ئەنوەر سەباح عەبدولسادق)، وتەی
گەواهیدەران، دەرکەوتەی تۆمارە دەنگییەکان، و کۆپییەکی گرێبەستە واژۆکراوەکە، کە
ڕاستی و دروستیی ڕووداوەکانیان سەلماندووە.
108 جار خوێندراوەتەوە