لە کاتێکدا
شەپۆلەکانی خۆڵبارین ڕوو لە زیادبوونن و ڕووبەرە سەوزاییەکان بە شێوەیەکی
مەترسیدار کەم دەبنەوە، هۆشدارییەکان لەبارەی چوونە ناو قۆناغێکی ژینگەیی
مەترسیدارتر لە عێراق زیاد دەکەن. ئەمەش لە سایەی نەبوونی دیدگایەکی گشتگیری
حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگە ئاووهەواییانەی کە هەڕەشە لە مرۆڤ،
ئابووری و ئاسایشی خۆراکی وڵات دەکەن.
مورەتەزا
جنووبی، شارەزای بواری ژینگە، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، عێراق تا ئێستا
سیاسەتێکی نیشتمانیی ڕوون و گشتگیری نییە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە ژینگەییە
کەڵەکەبووەکان، لە سەروویانەوە بەبیابانبوون، زیادبوونی خۆڵبارین و تێکچوونی بەرگی
ڕووەکی. ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێکارەکانی ئێستای حکومەت "کاتی و
کاردانەوەن" و لە ئاستی ئەو هەڕەشە گەورەیەدا نین.
ئەو شارەزایەی
ژینگە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونیکردەوە، قەیرانی ژینگەیی لە عێراق
دەرەنجامی کەڵەکەبوونی لاوازیی پلان و پەرتەوازەیی بەرپرسیارێتییە لە نێوان
دامەزراوە پەیوەندیدارەکاندا، هەروەها نەبوونی ستراتیژییەکی بەردەوامە بۆ
بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان، بەتایبەت ئاو و زەوییە کشتوکاڵییەکان. دەشڵێت:
"بەبیابانبوون بەشێوەیەکی بەرچاو لە چەندین ناوچەی وڵاتدا تەشەنەی سەندووە،
ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین، بەفیڕۆدانی سەرچاوەکانی ئاو و خراپی
بەڕێوەبردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان، ئەم هۆکارانەش وایان کردووە خۆڵبارین لە ساڵانی
ڕابردوودا ببێتە بارگرانییەکی تەندروستی، ژینگەیی و ئابووریی گەورە."
جنووبی جەختی
لەوە کردەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاستەنگانە پێویستی بە پلانێکی نیشتمانیی
درێژخایەن هەیە کە دووبارە چاککردنەوەی زەوییە زیانپێکەوتووەکان، فراوانکردنی
پڕۆژەکانی نەمامچاندن بە بەکارهێنانی ڕووەکی خۆڕاگر بەرامبەر بە وشکەساڵی، و
کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو لە کەرتی کشتوکاڵیدا لەخۆبگرێت. پێشی وایە، پاراستنی
ژینگە تەنها ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو پێویستی بە بەشداریی کۆمەڵگەیە بۆ
کەمکردنەوەی دیاردە زیانبەخشەکانی وەک سووتاندنی خاشاک و بەفیڕۆدانی ئاو و وزە.
لە کۆتاییدا
ئەو شارەزایە هۆشداری دا لەوەی ئەو دۆخەی ئێستا عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت،
تێکەڵەیەکی ئاڵۆزە لە گۆڕانی ئاووهەوای جیهانی و قەیرانی بەڕێوەبردنی ناوخۆیی،
داواشی کرد دۆسیەی ژینگە بخرێتە چوارچێوەی ئەولەوییەتەکانی ئاسایشی نیشتمانییەوە.
جێی باسە، ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانیش جەخت لەوە دەکەنەوە کە عێراق یەکێکە لەو
وڵاتانەی ناوچەکە کە زۆرترین زیانی بەهۆی گۆڕانی ئاووهەواوە بەرکەوتووە و پێویستیی
پاڵەپەستۆکەری بە پلانی حکومیی بەردەوام هەیە.
149 جار خوێندراوەتەوە