ڕێکخراوەکانی
مافی مرۆڤ ئاشکرایان کرد، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە نهێنی سزای لەسێدارەدانی بەسەر
دوو هاووڵاتیی عێراقیدا لە زیندانی ناوەندیی کەرەج جێبەجێ کردووە، ئەمەش بە تۆمەتی
تێوەگلانیان لە کەیسی "سیخوڕیکردن".
بەپێی
ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە (17ی خاکەلێوە)،
هەریەک لە (عەلی نادر عوبێدی) تەمەن 27 ساڵ و (فازڵ شێخ کەریم) تەمەن 29 ساڵ، کە
هەردووکیان هاووڵاتیی عەرەب و خەڵکی شاری عەمارەی باشووری عێراقن، لە زیندانی
ناوەندیی کەرەج لەسێدارە دراون.
لە لایەکی
دیکەوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە،
ساڵی ڕابردوو هێزەکانی ئیتلاعاتی ئێران ئەو دوو هاووڵاتییە عێراقییەیان لە شاری
کەرەج دەستبەسەر کردووە و دواتر لەلایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشەوە سزای
لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو دوو زیندانییە بۆ
ماوەی 11 مانگ لە دەستبەسەرگەکانی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بە سەختی
ئەشکەنجە دراون، پێش ئەوەی بۆ جێبەجێکردنی سزاکەیان ڕەوانەی زیندانی کەرەج بکرێن.
تا ئێستا
دامەزراوە فەرمییەکانی دەسەڵاتی دادوەری و میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، هەروەها
لایەنە فەرمییەکانی حکومەتی عێراقیش هیچ زانیارییەکی فەرمییان لەسەر لەسێدارەدانی
ئەو دوو هاووڵاتییە بڵاونەکردووەتەوە.
جێی باسە، بە
لەسێدارەدانی ئەم دوو کەسە، ژمارەی ئەو زیندانییانەی لە سەرەتای جەنگی ئەم
دواییەوە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە سیخوڕیکردنەوە لە ئێران لەسێدارە دراون،
گەیشتووەتە لانی کەم هەشت کەس.
ئەمڕۆش بڵاوکرایەوە کە دوو زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی رامین زەڵە و
کەریم مەعروف پور بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەنجامدانی
کردەوەی چەکداری دژی دەسەڵاتی ئێران" لە زیندانی نەغەدە لەسێدارەدراون.
442 جار خوێندراوەتەوە