لیژنەی کار و
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گەنجان و وەرزش لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد،
ئاراستەیەکی ڕاستەقینە لەناو پەرلەماندا هەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو دەرچووە
کۆنانەی کە بۆ داواکردنی ماف و ڕەخساندنی هەلی کار خۆپیشاندانیان کردووە، جەختیش
دەکاتەوە کە جووڵەی جدی هەیە بۆ دەرکردنی چەند یاسایەکی پاڵپشتیکار و کاراکردنی
بازاڕی کار.
عیماد قاسم
عەزیز، ئەندامی لیژنەی کار لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا
ڕایگەیاند: "هەوڵێکی ڕوون هەیە بۆ قەرەبووکردنەوە و پێدانی ماف بەو
خۆپیشاندەرانەی داوای دامەزراندنیان کردووە، هەروەها پەرلەمان ڕۆڵێکی گەورە
دەگێڕێت و هەوڵی جدی دەدات بۆ ئەوەی بەمزوانە مافەکانیان بۆ بگەڕێنێتەوە."
قاسم ئاماژەی
بەوەش کرد، بازاڕی کار لە عێراق پێویستی بە هەنگاوی کرداری و یاسادانانی ڕاستەقینە
هەیە بۆ کاراکردنی، قۆناغی ئێستاش پێویستی بە چاکسازیی جدی هەیە بۆ چارەسەرکردنی
بێکاری و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و دەرچووان. ڕوونیشیکردەوە، کۆمەڵێک یاسا
لەسەر مێزی پەرلەمانن کە ئامانج لێیان پێدانی مافە بە دەرچووان، زۆربەی ئەم
یاسایانەش بەشدار دەبن لە کەمکردنەوەی فشار لەسەر کەرتی حکومی و کەمکردنەوەی
خەرجییەکان، لە بەرامبەریشدا کەرتی تایبەت بەشێوەیەکی ڕاستەقینە کارا دەکەن.
ئەو ئەندامەی
پەرلەمان باسی لەوەش کرد کە یەکێک لە یاسا گرنگە پێشنیازکراوەکان "یاسای
کار"ە و ئاراستەیەک هەیە بۆ کاراکردنی بەشێوەیەکی بەرفراوانتر، تاوەکو
ژینگەیەکی باشتر بۆ کارپێکردن و وەبەرهێنان بڕەخسێنێت.
جەختیشی لەوە
کردەوە کە چارەسەرکردنی دۆسیەی بێکاری ناتوانێت تەنها پشت بە دامەزراندنی حکومی
ببەستێت، بەڵکو پێویستی بە بووژاندنەوەی کەرتی تایبەت و ئامادەکردنی ژینگەیەکی
ئابووری هەیە کە توانای لەخۆگرتنی تواناکانی گەنجانی هەبێت، پەرلەمانیش چاودێریی
داواکاریی خۆپیشاندەران دەکات و کار دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کرداری بۆیان.
105 جار خوێندراوەتەوە