ئاژانسێکی
هەواڵی ئێرانی وردەکاریی مەرجەکانی ئەمەریکای بۆ دانوستان لەگەڵ تاران ئاشکرا کرد
و ڕایگەیاند، واشنتن پێنج مەرجی سەرەکی خستووەتە بەردەم ئێران کە یەکێکیان
ڕادەستکردنی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمە بە ئەمەریکا.
بەپێی ئەو
زانیارییانەی ئاژانسی (فارس)ی ئێرانی لەبارەی وەڵامی ئەمەریکا بۆ پێشنیازەکانی
ئێران بڵاویکردووەتەوە، مەرجەکانی واشنتن بریتین لە؛ نەدانی هیچ جۆرە قەرەبوو و
زیانێک لەلایەن ئەمەریکاوە، بردنەدەرەوە و ڕادەستکردنی 400 کیلۆگرام یۆرانیۆم لە
ئێرانەوە بۆ ئەمەریکا، هێشتنەوەی تەنها یەک کۆمەڵگەی دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران بە
کراوەیی، نەدانەوەی تەنانەت لەسەدا 25ی سەرمایە بلۆککراوەکانی ئێران، هەروەها
بەستنەوەی ڕاگرتنی جەنگ لە سەرجەم بەرەکاندا بە ئەنجامدانی دانوستانەوە.
ئاژانسەکە
جەختی لەوەش کردووەتەوە کە تەنانەت لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەش لەلایەن
تارانەوە، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێران لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە وەک خۆی
دەمێنێتەوە.
هاوکات
شارەزایانی ئێرانی پێیانوایە کە ئەمەریکا لە ڕێگەی ئەم پرۆژە پێشنیازکراوەوە،
لەبری چارەسەرکردنی کێشەکان، دەیەوێت ئەو ئامانجانە بەدەستبهێنێت کە لە کاتی
جەنگدا نەیتوانیوە بیانپێکێت.
لە
بەرامبەریشدا، ئێران ئەنجامدانی هەر جۆرە دانوستانێکی بەستووەتەوە بە جێبەجێکردنی
پێنج مەرجی پێشوەختە بۆ دروستکردنی متمانە، کە پێکهاتوون لە؛ کۆتایهێنان بە جەنگ
لە سەرجەم بەرەکان و بەتایبەتی لە لوبنان، هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران، ئازادکردنی
پارە بلۆککراوەکانی تاران، قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ، لەگەڵ قبوڵکردنی مافی
سەروەریی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا.
1796 جار خوێندراوەتەوە