رۆژی هەینی لە چەند ناوچەیەک ئەگەری تاوەباران هەیە

KNN : Kurdish News Network
10:22 - 21/05/2026
کوردستان
+
-

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ سبەینێ هەینی ڕاگەیاند و ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی بەردەوامیی کاریگەریی بارستەهەوای فێنکی دەریای ناوەڕاستەوە، ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە زۆری ساماڵ دەبێت و کەشوهەوا لە زۆربەی ناوچەکان سەقامگیر دەبێت.

 

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی، لە بڵاوکراوەیەکدا ڕوونیکردووەتەوە، سەرباری سەقامگیریی کەشوهەوا، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین و دەڤەری بادینان، ئەگەری هەیە لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بۆ ئێوارەدا هەندێک تاوەباران و بروسکەی کورتخایەن دروست ببێت و پاشان لە ئێوارەدا کۆتایی پێبێت.

 

سەبارەت بە پلەکانی گەرما و خێرایی با، ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاشکرای کردووە، پلەکانی گەرما بە جێگیری دەمێننەوە و خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت کە لە نێوان (10 بۆ 25) کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا، هاوکات ئاراستەی با بەرەو باشووری ڕۆژئاوا دەبێت.

 

 پێشبینیش دەکات، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە پلەکانی گەرما بەرز ببنەوە و کاریگەریی بارستەهەوا فێنکەکە لەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێبێت.

541 جار خوێندراوەتەوە