ئەنجومەنی
باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، بڕیارێکی دەستەی ڕاگەیاندن و
پەیوەندییەکانی تایبەت بە سەپاندنی پارە بەناوی "کرێی خزمەتگوزاری"
بەسەر کۆمپانیاکانی مۆبایلدا هەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند، سەپاندنی باج دەسەڵاتی
تایبەتی پەرلەمانە.
بەپێی
ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەکە دوای تاوتوێکردنی
تانەیەکی بەڕێوەبەری ڕێپێدراوی کۆمپانیای "ئەسیر" بۆ پەیوەندییەکان دێت.
لەو چوارچێوەیەدا، دادوەر ئەیاد موحسین زەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی تانەدان لە
بڕیارەکانی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان ڕوونیکردەوە: "ئەو بڕە پارەیەی
بە ڕێژەی (20٪) خراوەتە سەر کارتی پڕکردنەوەی باڵانس و بەرنامە ئەلیکترۆنییەکان،
لە بنەڕەتدا باجی فرۆشتنە نەک کرێی خزمەتگوزاری".
دادوەرەکە
جەختی لەوەش کردەوە کە بەپێی ماددەی (28/یەکەم)ی دەستووری عێراق، سەپاندنی باج و
ڕسومات تەنها لە دەسەڵاتی یاساداناندایە و بەبێ یاسا قەدەغەیە. هەروەها ئاماژەی
بەوە کرد کە دەستەی ڕاگەیاندن بۆ ئەو بڕیارە پشتی بە ڕێنماییەکی حکومەتی
کاربەڕێکەر بەستووە، لە کاتێکدا ئەو جۆرە حکومەتە دەسەڵاتی ئەوەی نییە بارگرانیی
دارایی نوێ بخاتە سەر شانی هاووڵاتییان.
لە کۆتاییدا
ئەنجومەنی باڵای دادوەری دووپاتی کردەوە کە بڕیارەکەی دەستەی ڕاگەیاندن و
پەیوەندییەکان پاڵپشتییەکی یاسایی دروستی نەبووە، بۆیە بە شێوەیەکی کۆتایی و بە
کۆدەنگی، بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و سڕینەوەی لێکەوتە یاساییەکانی دراوە.
94 جار خوێندراوەتەوە