حکومەتی عێراق لیژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی سەر سعودیە و ئیمارات پێکدەهێنێت

KNN : Kurdish News Network
07:09 - 20/05/2026
عێراق
+
-

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حکومەت بەهیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە هیچ کەس و گروپێک ناکات کە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە بدەن، جەختیش دەکاتەوە کە بەتوندی ڕێگری دەکەن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وتەبێژی فەرمیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرکۆنەی ئەو هێرشانە کرایەوە کە کرانە سەر سعودیە و ئیمارات. لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتکرایەوە کە عێراق بەتوندی ڕەتیدەکاتەوە خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ پەلاماردانی وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دۆست لە ناوچەکە بەکاربهێنرێت، و حکومەت لەم دۆسیەیەدا ڕێکاری یەکلاکەرەوە دەگرێتەبەر

 

سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان لەو هێرشانەی کرانە سەر سعودیە و ئیمارات، لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە بۆ پەیوەندیکردن بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵاتەوە. سەرۆک وەزیرانیش فەرمانیداوە کە ئەگەر سەلمێندرا خاکی عێراق بۆ ئەو هێرشانە بەکارهێنراوە، ئەوا سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر تێوەگلاوان بگیرێنەبەر، هاوکات پەرۆشیی عێراقیشی بۆ هاریکاریکردنی وڵاتانی ناوچەکە لەو پرسەدا دووپات کردەوە و پابەندبوونی عێراقیشی بە پاراستنی سەروەریی خاکی وڵاتەکەی نیشاندا

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە خواستەکانی حکومەتی نوێ کرایەوە بۆ دروستکردنی باشترین پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە ئامانجی بەشداریکردن لە سەقامگیریی ناوچەکە و چەسپاندنی سەروەریی یاسا

 

 

هەروەها پابەندبوونی عێراق بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان، کۆمپانیا بیانییەکان و هێشتنەوەی چەک تەنها بەدەست دەوڵەتەوە، وەک یەکێک لە لەپێشینەترین کارەکانی حکومەت بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، دووپات کرایەوە.

101 جار خوێندراوەتەوە