ئێران بۆ هاوردەکردنی هەندێک کاڵا پەنادەباتە بەر کۆڵبەران

KNN : Kurdish News Network
11:27 - 20/05/2026
کوردستان
+
-

بەهۆی ئەو زیانانەی لە ئەنجامی جەنگ بەر کارگەکانی پێترۆکیمیایی ئێران کەوتوون و کاریگەرییەکانی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا، حکومەتی ئێران ناچار بووە بۆ دابینکردنی ماددەی خاو، پەنا بباتە بەر ڕێگە نافەرمییەکانی وەک کۆڵبەری.

 

نەرگس باقری زومڕودی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڕێنماییەکانی هەناردە و هاوردە لە وەزارەتی پیشەسازی، کانزا و بازرگانیی ئێران، لە نامەیەکدا بۆ محەممەد عەلی بەهپووری، بەڕێوەبەری گشتیی هاوردە لە گومرگی ئەو وڵاتە، بڕیارێکی نوێی ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە کە هاوردەکردنی ماددە خاوەکانی پەیوەست بە بواری پێترۆکیمیایی و پۆلیمەری لە ڕێگەی کۆڵبەری و مەلەوانی (بەلەمی بچووک) ڕێگەپێدراوە.

 

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم، بڵاویکردەوە؛ هاوردەکردنی ئەو پێداویستییانە تەنها لە چوارچێوەی لیستێکی دیاریکراو و بەپێی ئەو ڕێنماییانە دەبێت کە بۆ کاری کۆڵبەری و مەلەوانی دانراون.

 

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا یەکە بەرهەمهێنەرەکانی پیشەسازیی پێترۆکیمیایی و پۆلیمەری لە دابینکردنی ماددەی خاودا ڕووبەڕووی کێشە و سنوورداربوون بوونەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە گەمارۆکانی ئەمریکا هاوردەکردنی ئەو ماددانەی لە ڕێگەی فەرمییەوە زۆر لاواز کردووە.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە لە ساڵانی رابردوودا بە پاساوی ئەوەی زیان بە ئابووری ئێران دەگەیەنن، هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئەو وڵاتە بە توندی رووبەڕووی کۆڵبەران دەبوونەوە و ساڵانە دەیان کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی ئەو هێزانە دەبوونە قوربانی.

107 جار خوێندراوەتەوە