بڕیارە لە
سبەینێ هەینییەوە، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بکەونە ژێر کاریگەریی
نزمەپاڵەپەستۆیەک کە لە دەریای ناوەڕاستەوە هەڵدەكات، بەهۆیەوە شەپۆلێکی با و
خۆڵبارین و تاوەباران ناوچە جیاوازەکان دەگرێتەوە و پلەکانی گەرماش بەشێوەیەکی
بەرچاو دادەبەزن.
ئاراس جەبار،
شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە؛ کاریگەرییەکانی ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە سەرەتا بە
چالاکبوونی بای باشووری ڕۆژئاوا دەست پێدەکات، کە خێراییەکەی لە نێوان 15 بۆ زیاتر
لە 40 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت. بەهۆی ئەم بایەشەوە، ئەگەری هاتنی شەپۆلێکی
خۆڵبارین لە بیابانەکانی ڕۆژئاوای عێراقەوە بۆ سەر ناوچەکانی هەرێم هەیە.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆی هەینییەوە بۆ شەو، ناجێگیریی کەشوهەوا لە
بەرگەهەوادا زیاتر دەبێت و تاوەباران و هەورەبرووسکە لە کات و شوێنی جیاوازدا
چالاک دەبێت. هەرچەندە بە گشتی بڕی بارانەکە کەم دەبێت، بەڵام ئەگەر هەیە لە
هەندێک شوێندا تاوەبارانی مامناوەند و بەخوڕ ببارێت، هەروەها پلەکانی گەرما
بەراورد بە ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوو بۆ سێ پلە نزم دەبنەوە.
سەبارەت بە
کەشوهەوای ڕۆژی شەممە، ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونیکردووەتەوە، کاریگەریی
بارستەهەوا فێنکەکە زیاتر دەبێت و پلەکانی گەرما چوار بۆ پێنج پلەی دیکە نزم
دەبنەوە. هاوکات، لە نێوان نیوەڕۆ بۆ ئێوارە، تاوەباران و هەورەبرووسکە بەتایبەت
لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و ئیدارەی سۆران چالاک
دەبێتەوە. پێشبینیش دەکرێت بۆ ڕۆژانی دواتر کەشوهەوای فێنک بەردەوام بێت و ئەگەری
تاوەبارانی کورتخایەن لە ناوچە شاخاوییەکان و سنوورییەکاندا بمێنێتەوە.
994 جار خوێندراوەتەوە