هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە رێگە بە گواستنەوەی چەک بۆ ئێران بدات

KNN : Kurdish News Network
09:28 - 19/05/2026
کوردستان
+
-

هەرێمی کوردستان بە توندی ئەو تۆمەتانەی سوپای پاسدارانی ئێران ڕەتدەکاتەوە کە گوایە ڕێگەی داوە چەکی ئەمەریکی لە هەرێمەوە ڕەوانەی ئۆپۆزسیۆنی کوردیی ئێران بکرێت.

 

بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی کورد لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی ڕاگەیاندووە: "دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕێگە نادەن هیچ بارێکی چەک یان کەلوپەلی قەدەغەکراو بپەڕێتەوە بۆ ناو خاکی ئێران، چونکە سەرەتا ئەمە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هەرێم خۆی دروست دەکات، هەروەها هەرێم نایەوێت تێوەبگلێت لە هیچ ململانێیەک لەگەڵ ئێراندا".

 

 سەرەڕای ئەوەش، ئەو بەرپرسە ئەمنییە ئەگەری ئەوەی بەدوور نەزانیوە کە "گرووپەکانی بازرگانیی چەک، دوور لە چاوی دەسەڵاتداران، کاری قاچاخچێتی بکەن."

 

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندبوو کە پرۆسەیەکی قاچاخچێتیی بڕێکی "زەبەلاح" لە چەک و تەقەمەنیی ئەمەریکییان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناو خاکی ئێران پووچەڵکردووەتەوە.

 

جێی باسە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لایەنێکی کوردی تۆمەتبار کردبوو بە ڕادەستنەکردنی چەکی ئەمەریکی بە خۆپیشاندەرانی ئێران و ڕایگەیاندبوو: "ئەوان چەکەکانیان بردووە و لای خۆیان هێشتوویانەتەوە."

131 جار خوێندراوەتەوە