میدیای
ئیسرائیلی لە سەر زاری سەرچاوە سەربازییەکانی وڵاتەکەوە بڵاویان کردەوە، کە سوپای
ئیسرائیل تووشی سەر سوڕمان بووە، دوای ئەوەی زانیویان ترەمپ لە کۆتا ساتەکانیشدا
ئەوانی لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لە دژی ئێران ئاگادار نەکردووەتەوە.
ڕۆژنامەی
هائارێتسی ئیسرائیلی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی سوپای ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە،
سوپای ئیسرائیل تووشی سەرسوڕمان بووە بەهۆی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ کە تیایدا
ئاماژەی بەوە کردبوو تەنها چەند کاتژمێرێک دوور بووە لە هێرشکردنە سەر ئێران.
سەرچاوەکانی
ناو سوپای ئیسرائیل بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، پێشبینییان دەکرد هەر هێرشێک بۆ
سەر ئێران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەرفراوان لەگەڵ تەلئەبیب هەماهەنگی بۆ بکرێت و
بەبێ ئاگاداری ئەوان نەبێت.
هاوکات، سەرچاوە ئەمنییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە، دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی بەشداریکردنی ئیسرائیل لەو شەڕەدا، بەڵام لە هەمان کاتدا گومانیان هەیە لە توانای ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران لە ئەگەری گەڕانەوە بۆ شەڕ و پێکدادانەکان.
261 جار خوێندراوەتەوە