شارەزایەکی
کەشناسی هۆشداری دەدات لە ناجێگیریی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان و ڕایدەگەیەنێت، لە
کاتەکانی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە، شەپۆلێکی بەهێزی هەورەبروسکە و تاوەباران ناوچە
جیاجیاکان دەگرێتەوە، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کاریگەرییەکەی
بەهێزتر دەبێت.
ئاراس جەبار،
شارەزای بواری کەشناسی، لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند: "بەهۆی هاتنی بارستە
هەوایەکی فێنک بۆ سەر ناوچەکانمان، ئەمڕۆ سێشەممە، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە
ناجێگیرییەک لە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان دروست دەبێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاسمان دەگۆڕێت بۆ
نیمچەهەور و لە سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر و کەرکوک و دهۆک، هەروەها ناوچەکانی
باکووری گەرمیان، ئەگەری دروستبوونی هەورەبروسکەی توند و نمەباران هەیە.
سەبارەت بە
ناوچەکانی دیکە، ئەو شارەزایەی کەشناسی ڕوونیکردووەتەوە کە لە سەنتەری پارێزگاکانی
سلێمانی و هەڵەبجە، ناوچە شاخاوییەکان و سنووری ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین،
کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر دەبێت و لە هەندێک شوێندا تاوەبارانی بەخوڕ دەبارێت.
هەروەها ئەگەری
بارینی تەرزە لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە و هەورەبروسکەکانیش بەهێزتر دەبن، بۆیە
داوا لە هاووڵاتییان دەکات خۆیان لە چوونە ناوچە بەرز و شاخاوییەکان بەدوور بگرن.
لەسەر خێرایی
با و کەشوهەوای ڕۆژانی داهاتووش، ئاراس جەبار دەڵێت: خێرایی با لەسەرخۆ بۆ
مامناوەند دەبێت کە لە نێوان 10 بۆ 25 کیلۆمەتردایە لە کاتژمێرێکدا و ئاراستەکەشی
باشووری ڕۆژئاوا دەبێت.
هاوکات، کاریگەریی ئەم بارستە هەوا فێنکە بۆ
ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەش بەردەوام دەبێت، پلەکانی گەرما جێگیر دەبن و لە
کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بۆ ئێوارەدا ئەگەری دروستبوونی تاوەباران و هەورەبروسکە لە
ناوچە شاخاوییەکان دەمێنێتەوە.
355 جار خوێندراوەتەوە