مانگی رابردوو نزیکەی 40 هەزار حاڵەتی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە عێراق تۆمارکراون

KNN : Kurdish News Network
01:21 - 19/05/2026
عێراق
+
-

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماری هاوسەرگیری و جیابوونەوەی بۆ مانگی نیسانی ڕابردوو بڵاوکردەوە و بەپێی داتاکان، لە سەرتاسەری دادگاکانی عێراق -بەدەر لە هەرێمی کوردستان- 38 هەزار و 127 حاڵەتی هاوسەرگیری و جیابوونەوە تۆمارکراون.

 

بەپێی ئامارەکان، کۆی گشتیی گرێبەستەکانی هاوسەرگیری گەیشتووەتە 31 هەزار و 499 گرێبەست. پایتەختی عێراق (بە هەردوو دیوی کەرخ و ڕەسافەوە) بە تۆمارکردنی حەوت هەزار و 934 گرێبەست لە پلەی یەکەمدایە و، پارێزگای نەینەواش بە سێ هەزار و 141 گرێبەست لە پلەی دووەمدایە.

 

سەبارەت بە جیابوونەوەش، داتاکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەریدەخەن کە کۆی گشتیی حاڵەتەکانی تەڵاق گەیشتووەتە شەش هەزار و 628 حاڵەت. لەم ڕووەشەوە بەغدا لە ڕیزبەندیی یەکەمدایە بە تۆمارکردنی دوو هەزار و 665 حاڵەتی جیابوونەوە و، دوای ئەویش پارێزگای بەسرە دێت بە 611 حاڵەت.

 

ئامارەکان بەراورد بە مانگی پێشووتر، بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە مامەڵە یاساییەکانی دادگاکاندا پیشان دەدەن، بەو پێیەی لە مانگی ئازاردا دادگاکان نزیکەی 23 هەزار حاڵەتی هاوسەرگیری و جیابوونەوەیان تۆمارکردبوو. ئەم ژمارانەش کە 15 پارێزگای عێراق دەگرنەوە، دەریدەخەن زۆرترین مامەڵە یاساییەکان لەو پارێزگایانەدا تۆمارکراون کە چڕیی دانیشتووانیان بەرزە.

137 جار خوێندراوەتەوە