ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، قاچاخچییەکی بە ناوی "کاردۆ جاف" دەستگیرکرد کە بە "کاردۆ ڕانیەیی" ناسراوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن بەدواداچوونێکی بنکۆڵکاریی تۆڕی (BBC)یەوە ناسنامەی ڕاستەقینەی ئاشکرا کرا
تۆمەتبارەکە بەوە دەناسرێت کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەزاران کۆچبەری نایاسایی لە ڕێگەی بەلەمی بچووکەوە لە نۆکەندی ئینگلیزەوە گواستووەتەوە بۆ بەریتانیا، و لە ئێستاشدا بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە
کاردۆ جافی تەمەن 28 ساڵ، بۆ ماوەی چەندین ساڵ بە چەندین ناوی خواستراوەوە کاری کردووە بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی. بەڵام هەفتەی ڕابردوو لەلایەن ڕۆژنامەنووسانی بی بی سییەوە ناوی ڕاستەقینەی ئاشکرا کرا. کاتێکیش لەلایەن ئەو دەزگایەوە ڕووبەڕووی تۆمەتەکان کرایەوە، کاردۆ ڕەتیکردەوە کە قاچاخچی بێت و ڕایگەیاند کە ئەو تەنها "ڕاوێژی" بە خەڵک داوە بۆ چۆنیەتی جێهێشتنی عێراق، و پێی وا نییە هیچ سەرپێچییەکی یاسایی کردبێت
کاردۆ وەک یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی تۆڕێکی قاچاخیی کورد دەناسرێت کە کۆنترۆڵی زۆرینەی گەشتە نایاساییەکانی نۆکەندی ئینگلیزی کردووە
لەم بارەیەوە پەرلەمانتارێکی کورد ، بە بی بی سی ڕاگەیاندووە: "ئەمە تۆڕێکی بەهێزە و هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ڕانیە هەروەها پێی وایە 70٪ی کۆچی نایاسایی بۆ بەریتانیا لەو شارەوە کۆنترۆڵ دەکرێت
کاردۆ لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕیکلامی بۆ کارەکانی کردووە لە ئەفغانستانەوە بۆ بەریتانیا، بە شێوەیەک نرخی گواستنەوەی خێزانێکی بە گەشتی "ڤی ئای پی" (VIP) بۆ فڕۆکەخانەی مانچستەر بە 160هەزار پاوەند دیاریکردووە. لە بەرامبەریشدا، کۆچبەرە کەم دەرامەتەکانی خستووەتە ناو بەلەمی بچووک و قەرەباڵغی مەترسیدارەوە لە درەنگانی شەودا. جێی باسە، ئاژانسی نیشتمانیی تاوانەکانی بەریتانیا (NCA) ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە گومانلێکراوێکی قاچاخی مرۆڤ لە 13ی ئایاردا دەستگیرکراوە، بەبێ ئەوەی ناوی کاردۆ جاف بهێنێت
215 جار خوێندراوەتەوە