وەزیری نەوتی عێراق: کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم بەتەواوی چارەسەر دەکەین

KNN : Kurdish News Network
12:10 - 16/05/2026
ئابوری
+
-

وەزیری نوێی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی وڵات لە یەک ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا تێپەڕ ناکات، ئاماژە بەوەش دەکات کە کار بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەکەن سەبارەت بە دۆسیەی وزە، هاوکات ئاشکرای دەکات لە مانگی ڕابردوودا 10 ملیۆن بەرمیل نەوتیان لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە کردووە.

 

باسم خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەبۆنەی دەستبەرکاربوونییەوە ڕایگەیاند: "پێویستە ڕێکخراوی ئۆپێک و هەموو جیهان تێبگەن کە عێراق پێویستی بە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت هەیە، بۆ ئەوەی داهاتی دارایی پێویست بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و دابینکردنی خەرجییە وەگەڕخستنەکان دابین بکات." ڕوونیشیکردەوە کە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە بەسرە و کەرکوک بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە تەنها ملیۆنێک و 400 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.

 

سەبارەت بە دۆسیەی وزە لە هەرێمی کوردستان، وەزیری نەوت جەختی لەوە کردەوە کە گرنگی و بایەخی تایبەت بەم دۆسیەیە دەدەن و وتی: "پێویستە پیشەسازییە نەوتییەکان لە هەرێم هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بن." هەروەها دووپاتیکردەوە کە پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنانی گونجاو لە بەرهەمهێنانی وزەدا بەشێوەیەک کە سوودی بۆ هەموو عێراق هەبێت، چونکە سامانە سروشتییەکان موڵکی تەواوی گەلی عێراقن.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرای کرد کە لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، عێراق بڕی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، بەغدا لە هەوڵدایە لە ڕێگەی هەماهەنگی و ڕاوێژ لەگەڵ ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک)، توانای بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەرزبکاتەوە، بە جۆرێک ئامانجیانە ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەننە پێنج ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

62 جار خوێندراوەتەوە