ڤلادیمێر
پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، پەیامێکی توندی ئاراستەی وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد سەبارەت بە
پرسی هەناردەکردنی وزە و ڕایگەیاند، مۆسکۆ نەوتەکەی بە هەر وڵاتێک دەفرۆشێت کە خۆی
مەبەستی بێت و بۆ ئەو کارەش چاوەڕێی مۆڵەتی هیچ لایەنێک ناکات.
لە نوێترین
لێدوانیدا سەبارەت بە سزاکانی سەر کەرتی وزەی وڵاتەکەی، سەرۆکی ڕووسیا جەختی لەوە
کردەوە کە هیچ لایەنێک ناتوانێت بڕیار بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنێت یان ئاراستەی بکات.
پوتین وتی: "ئێمە نەوتی ڕووسیا بە هەر وڵاتێک دەفرۆشین کە خۆمان بمانەوێت، نە
مۆڵەت لە کەس وەردەگرین و نە کەسیش دەتوانێت بڕیار بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت،
ڕووسیاش ناچێتە ژێر فەرمان و هەژموونی هیچ وڵاتێکەوە."
ئەم لێدوانە توندەی پوتین لە
کاتێکدایە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا و لە سەروویانەوە ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا، بەهۆی
جەنگی ئۆکرانیاوە سزای توندیان خستووەتە سەر کەرتی وزەی ڕووسیا و هەوڵی دیاریکردنی
سەقفی نرخ بۆ نەوتەکەی دەدەن. بەڵام لە بەرامبەردا مۆسکۆ بازاڕەکانی خۆی بەرەو
کیشوەری ئاسیا (بە دیاریکراوی چین و هیندستان) گۆڕیوە و وەک خۆیان دەڵێن، سزاکان
نەیانتوانیوە ڕێگری لە هەناردەی نەوتی ڕووسیا بکەن.
254 جار خوێندراوەتەوە