رۆبیۆ: ئێران باجێکی قورس دەدات

KNN : Kurdish News Network
11:28 - 23/07/2026
جیهان
+
-

مارک روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توندی دایە ئێران و ڕایگەیاند، ئەگەر تاران لەسەر هەڵوێستەکانی بەردەوام بێت باجێکی قورس دەدات، هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد کە تاران لە ئێستادا ئامادە نییە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەڵام پێدەچێت لە ئایندەیەکی نزیکدا ئامادە بێت.

 

لە لێدوانەکانیدا، مارک رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد کە سەرجەم تیمەکانی دانوستانکار ڕاستەوخۆ بەپێی ڕێنماییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کاردەکەن و ئەو بەرپرسیارە لە دانوستانەکان. وتیشی: "ئێران هەموو ڕۆژێک دەپاڕێتەوە بۆ قسەکردن لەگەڵمان و گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەڵام دواتر پەیمانەکانی دەشکێنێت و داوای گۆڕینی بڕگەکانی ناو ڕێککەوتنەکە دەکات". جەختیشی لەوە کردەوە کە سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر بە ئێران لەسەر بنەمای "چاو لەبری چاو"ە، وە سەرەڕای خۆهەڵکێشانەکانی، تاران لە دۆخێکی سەختدایە و دەناڵێنێت.

 

سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، رۆبیۆ ڕایگەیاند کە ئێران حوسییەکانی تێوەگلاندووە لە ململانێکان، و هیوای خواست ئەو گرووپە کۆتایی بە هێرشەکانیان بهێنن. ئاماژەی بەوەشکرد، باجەکە لەسەر ئێران هەموو شەوێک قورستر دەبێت تا ئەو کاتەی دەگەڕێنەوە سەر هۆشی خۆیان.

 

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە کرد و بە "هاوبەشێکی ستراتیژیی گرنگ" وەسفی کرد. ڕوونیشیکردەوە کە سعودیە هەوڵی بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆمی دەدات بۆ مەبەستی ئاشتیانە، بۆیە لۆژیکییە کە ڕێککەوتنی ئەتۆمییان لەگەڵدا واژۆ بکرێت.

78 جار خوێندراوەتەوە