کۆمپانیا DNO: لە هەرێمی کوردستان 8 بیری دیکەی نەوت هەڵدەکەنین

KNN : Kurdish News Network
10:04 - 07/05/2026
ئابوری
+
-

کۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی وردەکاریی زیاتری لەسەر کارەکانی لە هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، سەرەتای ئەمساڵیان بە ئاستێکی بەرزی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ دەستپێکردووە و لە سەرەتای چارەکی یەکەمیشدا دوو بیری نوێیان خستووەتە کار.

 

کۆمپانیاکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ڕوونیکردووەتەوە، دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ی شوباتی ڕابردوودا، وەک ڕێکارێکی سەلامەتی بڕیاریانداوە بە شێوەیەکی کاتی کارەکانی هەڵکۆڵین و بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم ڕابگرن. دواتر لە 9ی نیسانی 2026ەوە، بەشێوەیەکی سنووردار دەستیان بە کارە مەیدانییەکانیان کردووەتەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئێستادا دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی بیرە بەردەستەکان و پرۆسەی هەڵکۆڵینی هەشت بیری دیکە کردووەتەوە کە پێشتر ڕاگەیەندرابوو، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابوور، هەرکاتێک بارودۆخی ئەمنی و دۆخی بازاڕ ئاسایی ببنەوە.

379 جار خوێندراوەتەوە