دەوڵەت
باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، پێشنیاری دروستکردنی
"ناوەندی هەماهەنگیی ئاشتی و بەسیاسیکردن" دەکات و ڕایدەگەیەنێت،
پێویستە پێگەی یاسایی عەبدوڵا ئۆجەلان دیاری بکرێت بۆ ئەوەی ڕۆڵ لە بنەبڕکردنی
تیرۆر و چەکداناندا ببینێت.
ئەمڕۆ سێشەممە
(5ی ئایاری 2026)، دەوڵەت باخچەلی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی
تورکیا، پێشنیارێکی بێپێشینەی لەبارەی دۆخی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە خستەڕوو و وتی:
"بۆ کۆتاییهێنان بە مشتومڕەکان لەسەر دۆخی یاسایی ئۆجەلان، پێشنیار دەکەین
میکانیزمێک بەناوی 'ناوەندی هەماهەنگیی ئاشتی و بەسیاسیکردن' پێکبهێنرێت".
سەرۆکی مەهەپە
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر بۆشایی یان ناڕوونییەک لە پێگەی یاسایی ئۆجەلاندا هەبێت،
دەبێت ئەو دۆخە بە جۆرێک پێناسە و ڕاست بکرێتەوە کە خزمەت بە ئامانجی
"تورکیایەکی بێ تیرۆر" بکات. هیوایشی خواست کە سەرکردەی دامەزرێنەری
پەکەکە (عەبدوڵا ئۆجەلان) بتوانێت لە چوارچێوەیەکی فەرمی و دیاریکراودا، ڕۆڵێک
بگێڕێت کە ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی تیرۆر و دانانی چەک.
باخچەلی بە
ئاماژەدان بە ساڵیادی بەستنی کۆنگرەی دوانزەیەمینی پەکەکە (کە لە ئایاری 2025
بڕیاری چەکدانانی تێدا درا)، جەختی لە بەردەوامیی پرۆسەی ئاشتی کردەوە و وتی:
"ئاشتی وەک باڵندەیەکە کە پێویستی بە دوو باڵ هەیە؛ باڵێکیان بڕیاری
هەڵوەشاندنەوەی گرووپەکە بوو، باڵەکەی تریشی ئیرادەی نەتەوە و پەرلەمانە بۆ
بەرەوپێشبردنی ئەم پرۆسەیە".
ئەم لێدوانانەی
باخچەلی لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ و هاوکات لەگەڵ ساڵیادی بڕیاری چەکدانان،
گرووپەکانی نزیک لە پەکەکە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا داوایان لە حکومەتی
تورکیا کرد هەنگاوی یاسایی بۆ دیاریکردنی پێگەی (ستاتۆ) عەبدوڵا ئۆجەلان بنێت.
176 جار خوێندراوەتەوە